May 28, 2024 | جیهان
ئەمڕۆ هەر سێ وڵاتی ئەوروپی، ئیسپانیا و نەرویج و ئێرلەندا بەشێوەیەکی فەرمی دانیان نا بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، ئیسپێن بارس ئاید باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە و، ئەم "ڕۆژە تایبەتەی" بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نەرویج-فەڵەستین لەقەڵەمدا.
وەزیری دەرەوەی نەرویج، ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت بە پابەند نەبوونی بنیاتنەر لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە وڵاتەکەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە یەکێکە لە بەهێزترین بەرگریکارانی دەوڵەتی فەڵەستین.
نەرویج، ئیرلەندا و ئیسپانیا لە یەک کاتدا بڕیاریاندا بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا و، هیواشیان خواست وڵاتانی دیکەی ئەورووپی هەمان هەنگاو بگرنەبەر بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.
پێشتریش، میشێل مارتن وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا وتی: بە ڕوونی پشتیوانی خۆمان بۆ مافی یەکسانی ئاسایش و کەرامەت و چارەنووسی گەلانی فەلەستین و ئیسرائیل ڕادەگەیەنین.
لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی :" ئەم بڕیارە مێژووییە، تەنها ئامانجمان ئەوەیە هاوکاربین لەوەی ئاشتی لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دروست ببێت."
وتیشی، بەبێ رێککەوتنى ئیسرائیلیى و فەڵەستینییەکان دان بە گۆڕانکاریى سنوورى 1967دا نانێین و ناساندنى دەوڵەتى فەڵەستین دژایەتى ئیسرائیل نییە.
بەپێی ئەم بڕیارە، ئیسپانیا وڵاتی فەڵەستین، پێکهاتوو لە کەرتی غەززە و کەناراوی خۆرئاوا، بە پایتەختیی قودسی رۆژهەڵات و لە ژێر بەڕێوەبردنی رێکخراوی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، بەفەرمی دەناسێنێت.