بەهۆی رەگلەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی قەتەرەوە 12 سەرنشین برینداربوون
May 26, 2024 | جیهان
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر لە ئاسمانی تورکیا رەگلەی کرد و لە ئەنجامدا 12 کەس برینداربوون. تیمە فریاگوزارییەکان چارەسەری بریندارەکانیان کرد.
رۆژی یەکشەممە، 26-05-2024، فڕۆکەخانەی دەبڵنی پایتەختی ئێرلەندا رایگەیاند: "فڕۆکەی QR017 لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر، لە دەوحەی قەتەرەوە بەرەو ئێرلەندا بەڕێگەوە بوو. فڕۆکەکە لە ئاسمانی تورکیا رەگلەیەکی کرد و لە ئەنجامدا شەش سەرنشین و شەش کارمەندی نێو فڕۆکەکە برینداربوون."
فڕۆکەخانەکەی ئێرلەندادەڵێت، "فڕۆکەکە کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ [بەکاتی هەولێر]، بە گوێرەی خشتەی ئاسایی خۆی گەیشتە دەبڵن و نیشتەوە. تیمە فریاگوزارییەکان زوو چوونە نێو فڕۆکەکە و پۆلیسی فڕۆکەخانە، ئاگرکوژێنەوە و تیمی رزگارکردن لە ئامادەباشیدا بوون".
فڕۆکەخانەی دەبڵن هیچ زانیارییەکی لەسەر جۆری برین و دۆخی تەندروستیی ئەو 12 کەسە بڵاونەکردووەتەوە و تا ئێستا هێڵی ئاسمانیی قەتەریش هیچ راگەیێندراوێکی نەبووە.