May 20, 2024 | جیهان
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رۆژی 28ی حوزەیرانی پێشنیارکردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکە.
موحسین ئیسلامی وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، رۆژی 28ی مانگی داهاتوو وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی 14هەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور پێشنیارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور دەکەن بۆ جێگیرکردنی ئەو بەروارەی کە پێشنیارکراوە تاوەکو هەڵبژاردن تیایدا بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران، بەپێی ماددەی 131ی دەستووری وڵاتەکە، محەمەد موخبەر کە یاریدەدری ناوبراو بوو، وەک شوێنگرەوەی رەئیسی دیاریکرا و هەر بەپێی هەمان ماددە، موخبەر دەبێت لەماوەی 50 رۆژدا هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ رێکبخات.