May 17, 2024 | جیهان
بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، ژمارەی قوربانیانی كەرتی غەززە روو لە زیادبوون دەكات، بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستی، ژمارەی كوژراوان 35 هەزارو 300 كەسی تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی كەرتی غەززە، 31 هاووڵاتی مەدەنی كوژران و 56 كەسی دیكەش بریندار بوون.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لە دەستپێكی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، تاوەكو ئێستا 35 هەزارو 303 كەس كوژراون، ژمارەی بریندارانیش بۆ 79 هەزارو 261 كەس بەرزبووەتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن".
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە هێشتا بەشێك لەوانەی لە هێرشەكاندا كوژراون، لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا ماونەتەوە، یان لە كەناری ڕێگاوبانەكاندان و ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن و تیمەكانی بەرگریی شارستانی ناتوانن دەستیان پێیان بگات.