122712024_b_y_den_770x420.jpg

سەرۆك و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا دادگایی دەكرێن

Jan 27, 2024  |   جیهان 

دادگای فیدڕاڵی لە كالیفۆڕنیا، دانیشتنێكی بۆ تاووتوێی سكاڵایەك لە دژی سەرۆكی ئەمریكا و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئەو وڵاتە لەبارەی تێوەگلانیان لە كۆمەڵكوژیی غەززە ئەنجام دا.

دوێنێ هەینی، دادگای فیدڕاڵی لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا لە ئەمریكا دانیشتنێكی ئەنجامدا بۆ لێكۆڵینەوە لە سكاڵایەك كە ناوەندی مافە دەستوورییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرزی كردووەتەوە و تیایدا جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و ئەنتۆنی بلینكن و لوید ئۆستن، وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تێوەگلان لە تاوانی كۆمەڵكوژیی كەرتی غەززە لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە تۆمەتبار دەكات.

جیفری وایت، دادوەری دادگای كالیفۆڕنیا باسی لەوە كردووە، قورسترین دۆسیە خراوەتە بەردەم دادگا. 

لەمیانی دانیشتنەكەدا كە پارێزەری بایدن و بلینكن و ئۆستن ئامادەی بوون، دادگا گوێبیستی وتەی پارێزەر و چالاكوان و پزیشكان بوو لەبارەی دۆخی غەززەوە.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە سكاڵاكەدا ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا تۆمەتبارن بەوەی نەك ڕێگرییان لە كۆمەڵكوژی نەكردووە، بەڵكو پشتیوانیی بێمەرجیان بۆ قەوارەی زایۆنی دابین كردووە و پڕچەكیان كردووە.

ناوەندی مافە دەستوورییەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردووەوە ئەم سكاڵایەی بە نوێنەرایەتیی ڕێكخراوە فەڵەستینییەكان و ئەو ئەمریكیانە تۆمار كردووە كە كەسوكاریان لە غەززە هەیە.

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دادگاییەكە، خۆپیشاندانی بەرفراوانیش دژی جەنگی سەر غەززە لەلایەن سوپای قەوارەی زایۆنی و پشتیوانییەكانی كۆشكی سپی بەڕێوە چوو.