Oct 10, 2023 | عیراق
پەرلەمانتارێک: نابێت حکومەتى عێراق لە بەرانبەر داڕمانى بەهاى دینار تەنها سەیرکەر بێت
پەیام
بزووتنەوەی ئیمتیداد سیاسەتی بانكی لە عێراق بە ناپیشەیی وەسفكرد و داواشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد گۆڕانكاری بەپەلە لە بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندیدا بكات.
لە ڕاگەیەندراوێكدا حەیدەر سەلامی سەرۆكی فراكسیۆنی ئیمتیداد، بڵاوی كردەوە حكومەت لەبەردەم داڕمانی بەهای دینار و بێتوانایی بانكی ناوەندی لە زاڵبوون بەسەر نرخی دۆلار و بانكەكاندا، تەنها سەیركەرە.
سەلامی وتیشی، "پێویستە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بێدەنگی بشكێنێت و گۆڕانكاری بەپەلە لە بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندی و سیاسەتی ناپیشەییانەی بكات، هەروەها ئەم دامەزراوە گرنگە لە كۆنترۆڵی میلیشیاكانی گەندەڵی و وێرانكاری دوور بخاتەوە".
ئەو پەڕلەمانتارە لە درێژەی قسەكانیدا وتی، “كۆنتڕۆڵكردنی دۆلار لە سنوورەكانەوە دەست پێدەكات نەك لە بەرەنگاربوونەوەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن و دەستبەسەرداگرتنی حەواڵەی هاووڵاتیان و پارە دانراوەكانیان لە بانكەكاندا".