428693596_1166439334672804_1356100868264567700_n_770x420.jpg

ڕێکەوتنى سێ قۆڵى مەککە بۆ ؟

Aug 14, 2026  |   بیروڕا 

لەم ڕۆژانەدا هاوپەیمانێتیەکى سێ قۆڵى لەنێوان هەرسێ وڵاتى (سعودیەی عەرەبی و دەوڵەتى تورکیای ناتۆ و پاکستانى ئەتۆمى)ڕاگەیەندرا ،بەپێی زانستى سیاسی و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریەکان دەکرێت لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە تێڕوانین بۆ ڕێکەوتنى ئەو وڵاتانە بکرێت کە پێکهێنەرى هاوپەیمانێتیەکەن هەرچى وڵاتى پاکستانە وەک وڵاتێکى ئەتۆمى ئیسلامى و خاوەن سوپایەکى بەهێز لەلایەن وڵاتانى ئەمریکا و ئەوروپاوە ڕۆڵێکى پێدراوە ،دەیەوێت وەک مەرجەعى سونەى جیهانى دەربکەوێتو لەڕوى ئابوریەوە سود لە هاوکارى ئابوورى و بازرگانى وڵاتى سعودیە وەربگرێت لەم قۆناغەی ئێستاداو تا ڕادەیەک ببوژێتەوە .
وڵاتى سعودیەش پاش ئەزمونکردنى شەڕى نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و گرانکەوتنى پاراستنى لەلایەن ئەمریکاوە کە تێچوى بودجەیەکى زەبەلاحی دەوێت پێویستى بە هاوپەیمانێتیەک هەیە بۆ پاراستنى وڵاتەکەى لە هێرشەکانى ئێران وە گروپە نزیکەکانى ئێران لە سنورەکانى هەروەها تا ڕادەیەک خۆپاراستن لە فشارە جۆراو جۆرەکانى ئیسرائیل لەلایەکى تر وەک جێگرەوەى هێزە پارێزگارەکانى ئەمریکا .
وڵاتى سعودیە خاوەنى گەورەترین یەدەکی نەوت و جبەخانەى چەک و تەقەمەنیە لەناوچەکە و جیهاندا و ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلار خەرجى سەربازى هەیە کە ساڵى (٢٠٢٥) بایی(٨٣) ملیار دۆلارى چەک کڕیوە .
دەوڵەتى تورکیاش وەک دەوڵەتێکى گەورەى ناوچەیی دەکرێت چاوى لەسەر بێت بەر شەپۆلى گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە بکەوێت و بێ کێشە نیە لە ناوخۆ و دەرەوەش هەروەها بەریەککەوتنەکانى لەگەڵ ئیسرائیل و هەڕەشە و مەترسیە دور مەوداکان لەسەر ئایندەى تورکیا وەک قۆناغى ڕاگوزەر پێویستى بە هاوپەیمانێتیەکى لەم شێوەیە هەبوو ،هەروەها ئێستا لەڕوى پیشەسازى و تەکنەلۆژیای سەربازیەوە پێشکەوتوە و بەدواى بازاڕێکى نوێدا دەگەڕێت بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمە سەربازیەکانى کەواتە هەر وڵاتێک لە ڕوانگەى بەرژەوەندییەکانى خۆیەوە بەشدارە لە هاوپەیمانێتیەکە دیاریکردنى شوێنى ڕێکەوتن وهاوپەیمانێتیەکە لەلایەن سعودیەوە کە شارى مەککە دیارى کراوە وەک پایتەختى جیهانى ئیسلامى پەیامێکە کەئەوان مەرجەعی سوننەی جیهانین ،هەرچەندە ئەم هاوپەیمانێتیە مۆرکى بەرگرى پێوەیە و دەڵێن مەترسی نیە بۆسەر وڵاتانى تر ،بەڵام ئاماژەکان ڕو لە دژى ئێران دەردەکەون هەرچەند ئەوان دەڵێن دژى ئێران نیە .
ئەم هاوپەیمانێتیە بێ کێشە و گرفت نیە چونکە هەر یەکێک لەو وڵاتانە لە هاوپەیمانێتى تردان لەگەڵ وڵاتانى تر تورکیا لە ناتۆو سعودیە لەژێر فشاری ڕێکەوتنی ئیبراهیمی و پاکستانی هاوپەیمانی چین ،هەروەها ئەگەر پاکستان و هندستان بکەونە شەڕ تورکیا و سعودیە بەشدار دەبن ؟یان ئیسرائیل و تورکیا بکەونە شەڕ سعودیە بەشدار دەبێت ؟وە ئایا دۆزى کورد لەو نێوەندەدا هیچ کاریگەریەکى نی یە ،ئەوەى دەگوزەرێت دەکەوێتە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندیەکان لەم زەمین و زەمانەدا هەروەها ناکرێت وڵاتانى پاکستان و تورکیا هیچ زەمانەتێکیان بە ئێران نەدابێت سەرەڕاى ئاگاداربوونى ئەمریکا لەو هاوپەیمانێتیەوە کە چەندین بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی و ئابوریان هەیە .
بێرون عومەر فەتاح