523365105_1556150299035037_7859801382961201872_n_770x420.jpg

لەیادی( ١٠٢)ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا...

Jul 26, 2025  |   بیروڕا 

نوسەر:بێرون عومەر

گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو بەشوێن بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیەوە بووە هەموو شێوازەکانی خەباتیشی ئەزموون کردووە ، بەڵام نەیتوانیوە بە مافەکانی بگات ،لە مێژووی ١٠٢ ساڵەی ڕابردوودا پاش ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی و داڕشتنەوەی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە لە پەیماننامەی سیڤەر و بەسود وەرگرتن لە بەندەکانی (ودرۆ وێڵسۆنی) سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لەساڵی (١٩١٩) شەریف پاشای خەندان یەکێک لە دیبلۆماتکارە ئازاکانی ئەو سەردەمە بە نوێنەرایەتی گەلی کورد توانی ڕۆڵێکی بەرز بگێڕێت لەگەڵ بەریتانی و فەڕەنسیەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ لەسەر بنەمای جوگرافی و مێژوویی کوردستان ، لەو چوارچێوەیەدایاداشتێکی بەهێزی ئاراستەی هێزە سەرکەوتووەکان کرد وەک یەکێک لەبەڵگەنامە فەرمیەکان کە بە شێوەیەکی ڕێکخراوو دیپلۆماتیانە خرایە ڕوی زلهێزانی جیهانەوە، هەرچەندە یاداشتەکە بەتەواوی وەڵام نەدرایەوە بەڵام بووە بنەمایەک بۆ دانانی مافەکانی کورد لە ڕێکەوتننامەی سیڤەردا ، هەروەها نیشانی ئەوە دەدات کە کورد هەوڵی دابوو بە ڕێگای دیپلۆماتیکەوە مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت . ئەوە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی تێکۆشانی دیبلۆماسی کوردی سەدەی (٢٠) بوو .
کەواتە شەریف پاشای خەندان لە پەیماننامەی سیڤەر ڕۆڵی گەورەی هەبوو وەک یەکێک لە نایابترین دیبلۆماتەکانی کورد لەو سەردەمەدا ، بەڵام بەداخەوە لەلایەن (دوو گروپی کوردی) کە لەو کاتەدا لە ئەستەنبوڵ چالاک بوون نوێنەرایەتی شەریف پاشا ڕەتکرایەوە و هیچ هێزێک لەپشتی نەبوو ، بۆیە لەئەنجامدا پەیماننامەی لۆزانی (١٩٢٣) بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیڤەر و کۆتایی بەخەونی کورد هێنا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەک گەلانی تری ناوچەکە ، لۆزان بە ڕێکەوتننامەیەکی ناعەدالەتی مێژوویی دەژمێرێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر چارەنوسی گەلی کورد هەبوو کەبەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی وبەبێ ئامادەبونی خۆی بڕیاری ستەمکارانە لەدژی درا.
بەشێوەیەکی سادە کورد هیچ نوێنەرایەتیەکی لە دانوستانەکانی لۆزاندا نەبوو وەک یەکێک لە ناعەدالەتیە گەورەکانی سەردەم بڕیار لەسەر چارەنوسی درا لەلایەن زلهێزە بەرژەوەندپەرستەکانەوە کە بەیەکجاری کورد لە دانوستانەکان کرایە دەرەوە .
کە ئەوەش سەرەڕای بڕیار و بەرژەوەندی براوەکانی شەڕ فاکتەرێکی تری نەگریسی (یەکنەبوونی کورد) و دژایەتی کردنی نوێنەرەکەیان شەریف پاشا بوو لە پرۆسەی وتو وێژەکاندا . لەو کاتەوە تا ئێستا کورد نەیتوانیووە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کەواتە سەرەڕای جیاوازی قۆناغ و سەردەمەکان تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو ئازارە نەگریسەدا دەتلێتەوە کە هەمیشە هۆکاری ڕاستەقینەی ئازاد نەبونیەتی . لەیادی پەیمانی لۆزاندا بەهیوای ئەزمون وەرگرتن و درود بۆ ڕۆحی پاکی کەسایەتی تێکۆشەر و دیبلۆماتکاری ئازا و خەم خۆری گەلەکەی شەریف پاشا