Aug 16, 2024 | جیهان
وڵاتانی ناوبژیوانی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆی دانوستانەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەی هاوبەشی قەتەر و میسر و ئەمریکادا بانگەشەی ئەوە کراوە: "گفتوگۆکان جددی و بنیاتنەر بوون و لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون".
بەپێی بەیاننامەکە، ئەمریکا بە پاڵپشتی قەتەر و میسر پلانێکی پێشکەش بە هەردوولا کردووە، کە بۆشاییەکانی نێوانیان کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو پلانەی ئەمریکا پێشنیاری کردووە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە جۆ بایدن لە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٤ و بڕیارنامەی ژمارە ٢٧٣٥ی ئەنجومەنی ئاسایش پێشنیاری کردووە.
مەبەست لە پێشنیارەکەی بایدن ئەو پلانە سێ قۆناغییە بوو کە بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشکەشی کردبوو.
پلانەکەی بایدن بەمجۆرە بوو: قۆناغی یەکەم شەش هەفتە دەخایەنێت، ئاگربەستێکی هەمەلایەنە دەکرێت، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە دانیشتووەکانی غەززە، و ئازادکردنی دیلەکان و گەڕانەوەی خەڵکی غەززە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە.
قۆناغی دووەم: بریتی دەبێت لە ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە لای حەماس بارمتەن، بە سەربازە پیاوەکانیشەوە، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە هەموو غەززە، پاشان ئەگەر هەردوولا بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، ئاگربەستی کاتی دەبێتە "راگرتنی هەمیشەیی دوژمنایەتییەکان".
قۆناغی سێیەمیش بریتی دەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و هەروەها گەڕانەوەی تەرمی ئیسرائیلییەکان کە کوژراون.