Nov 7, 2023 | بیروڕا
نوسینی:بەیار عومەر عەبدوڵا
تەنها چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی (فەلەس-تین و ئیسرا-ئیل)، دروستکردنی دەوڵەتێکە بۆ فەلەس-تین بە سنوری پێش جەنگی ١٩٦٧. لەو ڕێیەوە ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و هەردوولا دەتوانن پەیڕەوی ئاینی خۆیان بە ئازادی بکەن.
ئەگەر بێینە سەر ئاڵۆزیەکانی ئێستا، هەڵوێستی ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان جێی سەرسوڕمانە؟!
ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە جیاتی فشار کردن لە ئیسرا-ئیل بۆ دانوستان لەگەڵ گەلی فەلەس-تین بۆ گەیشتن بە ئاشتی و چارەسەر، چەکی پێشکەوتووی ئەدەنێ بۆ کۆمەڵکوژی و لە ژێر ناوی بەرگریدا، شەرعیەت ئەدەن بە کوشتنی بە لێشاوی ژن و منداڵ و وێرانکردنی سەرخان و ژێرخانی غە-زە.
تەنها جیاوازیەک لە نێوان چەکی ئەتۆم و ئەم کۆمەڵکوژیەدا ئەوەیە کە ئەتۆم لە یەک ساتدا کۆمەڵکوژی و وێرانکردنەکە ئەقەومێنێت، بەڵام ئەمەی ئێستا بە ماوەیەکی درێژتر و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێدەکرێت.
قۆناغی یەکەمی هەتا ئێستا بریتی بووە لە ڕاگواستنی زیاد لە ١ ملیۆن کەس لە باکوری غە-زەوە بەرەو باشور و هەوڵدان بۆ نیشتەجێکردنیان لە بیابانی سینا (بەڵام میسر ڕێگرە) + کوشتنی نزیکەی ١٠ هەزار کەس و وێرانکردنی نزیکەی نیوەی سەرخان و ژێرخانی غە-زە بە نەخۆشخانەکانیەوە + کۆمەڵکوژی ڕۆژنامەنوسان و کەسوکاریان، بۆ ترساندنیان و وەستاندنیان لە گواستنەوەی کۆمەڵکوژیەکە بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن پیلانەکەیان جێبەجێبکەن.
بێگومان کە پرۆسەکە درێژەی کێشا، بە ئازارتر ئەبێت و هەر کەسێک پێش ئەوەی خۆی بکوژرێت، مەرگی خزم و هاوڕێکانی و دیمەنی وێرانکردنی گەڕەک و شارەکەی ئەبێنێت. ئەمە هاوشێوەی ئەتۆمە بەڵام بە ئازارێکی زیاترەوە.
تەنها هۆکارێک کە ئەتۆم بەکار نەهێنن ڕەنگە ئەوە بێت کە غە-زە لە خۆیانەوە نزیکە و پریشکی ئەتۆمیان بەردەکەوێت، هەروەها کاردانەوەی جیهان زیاتر ئەبێت.
خەریکە ئەو هاوسۆزیە جیهانیەی بۆ گەلی جو-لە-کە هەبووە کە توشی هۆ-ڵۆ-کۆست بوون کاڵدەبێتەوە. چونکە کاتێک میللەتێکی سەردەستە شەرعیەت دەدات بە کۆمەڵکوژکردنی میللەتێکی ژێردەستە، کەواتە جینۆسایدی خۆشی لە ڕابردوودا کە ژێردەستە بووە شەرعیەت وەردەگرێت. ئازاردان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە هەردوولا جێی داخە، بەڵام شەڕ و کوشتارەکە زۆر نابەرامبەرە.
دواجار درۆی (دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ) لەکوێی گوتارەکانی ڕۆژئاوادا جێی دەبێتەوە؟!
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەندین لاوە ناسەقامگیرە. ئایا ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەیانەوێت بەرەو تەقینەوە و کارەساتی زیاتری بەرن؟! دەیانەوێت ئێران و ڕوسیا بێننە ناو شەڕەکەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن بە گۆڕەپانی جەنگ؟! ئایا ئەمانە لەگەڵ مرۆڤدۆستی و بەها ئەخلاقیەکاندا یەکانگیرە؟!
سەبارەت بە ئێمە، لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەدا، ڕەنگە پریشکی ئاگرەکە ببێت بە کڵپە و هەرێمی کوردستان بسوتێنێت. لەبەر ئەوەی
١- جوگرافیای ئێمە لە نێوان ئێر-ان و ئیسرا-ئیلدایە.
٢-هەرێمی کوردستان خاوەنی سەروەری و چەکی پێشکەوتوو نیە هەتا بەرگری لە خۆی بکات.
٣-حزبە سەرەکیەکانی دابەشبوون بەسەر لایەنە ناکۆکەکاندا. سەرەنجام بووە بە شوێنی تەراتێنی سوپا و دەزگا هەواڵگریە ئیقلیمی و جیهانیەکان.
٤-بەهۆی لێشاوی گەندەڵی و ستەمی زۆرەوە، میللەتی کورد متمانەی بە دەسەڵات نەماوە و بۆشاییەکی سیاسی بەرین دروست بووە.
هەموو ئەمانە ڕەچەتەی تەقینەوەی گەورەن لە هەرێمەکەی ئێمەدا.
بە کورتیەکەی، ئەگەر ئەمریکا ڕۆڵێکی ئەرێنی و هاوسەنگ نەگێڕێت لە نێوان ئیسرا-ئیل و فەلەس-تیندا و ئەگەر بەناو حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە ستەم و ناعەدالەتی چینایەتی و جوگرافی، مەترسی و ماڵوێرانی لە هەموو کات زیاتر لێمان نزیکە.