134112023_1728102023_864jj_770x420.jpg

توركیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگهێشت دەكاتەوە

Nov 4, 2023  |   جیهان 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەكەی لە ئیسرائیل بانگهێشت بكاتەوەو هۆكارەكەشی بۆ قبوڵنەكردنی ئەو بانگەوازانە گەڕاندەوە كە ئەنكەرە ئاڕاستەی تەلئەڤیڤ-ی كردووە بۆ راگرتنی هێرشەكان بۆسەر خەڵكی مەدەنی لە كەرتی غەززە.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیاندراوێكی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە باڵیۆزی خۆی لە تەلئەڤیڤ بە مەبەستی ڕاوێژكاری، بانگهێشتی ئەنكەرە كردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: "توركیا بڕیاریداوە شاكیر ئوزكان تۆرۆنلار-ی باڵیۆز لە تەلئەڤیڤ-ە بە مەبەستی راوێژكاریی بۆ ئەنكەرە بانگهێشت بكاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ئامادە نەبووە بانگەوازەكانی ڕاگرتنی هێرشەكان بۆسەر خەڵكی مەدەنی لە غەززە، كە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەكرێت، قبوڵ بكات".

ئەمەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو، حكومەتی ئیسرائیل وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر وتەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، كە لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا، لەدژ بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سەر كەرتی غەززە دابووی، بڕیاریدا دیپلۆماتكارەكانی لە ئەنكەرە بگەڕێنێتەوە بۆ چاوخشاندنەوەی بە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە.