Oct 24, 2023 | جیهان
سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی كەرتی غەززە دەكات، زانیارییان لەسەر شوێنی ئەو سەربازو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانە پێبدەن كە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیراون، لە بەرامبەردا بەبڕێك پارە خەڵات دەكرێن و ئاسایشی خۆیان و خانووەكانیشیان دەپارێزن.
ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆكەوە پەیامێكی بەسەر دانیشتووانی كەرتی غەززە بڵاوكردەوەو لەناوەڕۆكەكەیدا هاتووە، ئەگەر دەتانەوێ ئایندەیەكی باشتر بۆخۆتان و منداڵەكانتان مسۆگەر بكەن، كارێكی چاكە بكەن و زانیاریی راست و بەسوودمان لەبارەی رفێندراوەكان لەناوچەكەتان بۆ بنێرن.
سوپای ئیسرائیل بەڵێنی بەو كەسانەش داوە كە زانیارییان لەسەر هاووڵاتییە رفێنراوەكان پێدەدەن، ئاسایش و سەلامەتی خۆیان و خانووەكانیان دەپارێزن و خەڵاتێكی داراییشیان پێشكەش دەكەن.
ئەو داوایەی سوپای ئیسرائیل لەكاتێكدایە بۆردومتان و هێرشە ئاسمانییەكانی بۆسەر كەرتی غەززە بەردەوامەو هاوكات ئامادەكارییش دەكات بۆ هێرشێكی زەمینی بەئامانجی لەناوبردنی یەكجاریی بزووتنەوەی حەماس و ئازادكردنی دیلەكانیان كە رۆژی 7ی ئەم مانگە لە هێرشێكی لەناكاوی حەماس بۆسەر شارۆچكەكانی ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە، سەدان سەربازو هاووڵاتیی مەدەنییان كوشت و دەیانی دیكەشیان بەدیل گرت.