Oct 17, 2023 | جیهان
لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی توركیا، داواكاری سەرۆكایەتی كۆماری ئەو وڵاتەی لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی ئەو وڵاتەی لە باشورو رۆژئاوای كوردستان و عیراق و سوریا پەسەند كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی توركیا، داواكاری سەرۆكایەتیی كۆماری سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوە و مۆڵەتی ناردنی هێز بۆ عیراق و سووریاو ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن، بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە پەسەند كرا.
لە کۆبوونەوەکەدا 357 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ درێژکردنەوەکە دا و 164 پەرلەمانتاری دیکەش لەگەڵ ئەو درێژکردنەوەیە نەبوون.
هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، ئاییندە، سەرلەنوێ رەفاح و هوداپار دەنگیان بە درێژکردنەوەکە دا؛ ئەوانەش کە دەنگیان نەدا بریتی بوون لە جەهەپە و پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان- هەدەپ.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رایگەیاند، دەنگ بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا نادەن.