1915102023_21mm_770x420.jpg

سوودانی لەبارەی چاكسازی دارایی هۆشداریی دەدات

Oct 15, 2023  |   عیراق 

سەرۆكوەزیرانی عیراق هۆشداریی بەو كەسانە دەدات كە لەمپەر لەبەردەم پلانەكانی حكومەت بۆ چاكسازی دارایی دادەنێن و رایدەگەیەنێت: رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و بەربەستێك دەبینەوە كە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی پلانەكانمان.

ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، بۆ تاووتوێكردنی رێكارەكانی جێبەجێكردنی چاكسازییە دارایی و كارگێڕییەكان، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بانكی ناوەندی و بانكە حكومییەكان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو هەنگاوانە كرا كە تائێستا نراون لەبواری چاكسازی دارایی و بانكی.

سوودانی رایگەیاند: چاكسازی بانكیی یەكێكە لە هەنگاوە سەرەكییەكانی چاكسازی دارایی و ئابووری، كە حكومەتی عیراق بەجددی كاری لەسەر دەكات و لە بەرنامەی كاری خۆیدا چەسپاندوویەتی.

سەرۆكوەزیرانی عیراق جەختی لەوەشكردەوە كە چاكسازی دارایی، تەنها دروشم نییە، بەڵكو بریتییە لە زنجیرەیەك رێكارو میكانیزم، كە حكومەت بڕیاری جێبەجێكردنی داوەو بەردەوامیش دەبێ لەسەری، هۆشداریشی بەو كەس و لایەنانە دا كە لەمپەر لەبەردەم پلانەكانی حكومەت بۆ چاكسازی دارایی دادەنێن، وت:" رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و بەربەستێك دەبینەوە كە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی پلانە چاكسازییەكانمان".