1715102023_sarokiiranibrahimaraisy_770x420.jpg

سەرۆککۆمارى ئێران هەڕەشەی فراواكردنی بەرەی جەنگ لەگەڵ ئیسڕائیل دەكات

Oct 15, 2023  |   جیهان 

سەرۆككۆماری ئێران لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند: ئەگەر كۆتایی بە كوشتوبڕی خەڵكی غەززە نەهێنرێت بەرەی جەنگ فراوان دەبێت.

محەمەد جەمشیدی جێگری كاروباری سیاسی لە نوسینگەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری ئێران، ئاشكرای كرد "ئەمڕۆ ناوبراو پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە لایەن ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا پێ گەیشتووە".

جەمشیدی ڕایگەیاند "ڕەئیسی بە ڕوونی ئەوەی بە ماكرۆن ڕاگەیاندووە ئەگەر دەستدرێژییە تاوانكاریەكان، لە ناویاندا كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەمارۆی سەر غەززە ڕانەگیرێت، دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و بەرەی جەنگیش فراوان دەبێت".

لەلایەكی دیكەوە، لە لێدوانێكیدا،  جەیك سۆلیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ڕایگەیاند "بە دووری نازانن ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بكات، ئەوەش لە كاتێكدا چاوەڕێی دەستپێكردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر كەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە دەكرێت".