1614102023_11172023_COMSUN_770x420.jpg

كۆمیسیۆن هۆشداری بە كاندیدەكانی هەڵبژاردن دەدات

Oct 14, 2023  |   عیراق 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، هۆشداری بە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەدات و رایدەگەیەنێت: هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەكی هەڵبژاردن كە فریودانی هاووڵاتیانی لێبكەوێتەوە، كەسی سەرپێچیكار دووچاری لێپرسینەوە دەبێتەوە.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە كاندیدانی سەرجەم كوتلەو لایەنە سیاسییەكان، لەوە ئاگاداربن كە فەرمانگەكانی دەوڵەت و شوێنەكانی خواپەرستی بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارنەهێنن.

وتیشی:" بەكارهێنانی سامانی گشتی و پارەی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەپێی یاسا سزای توندی لەسەرەو كەسی سەرپێچیكار دووچاری لێپرسینوە دەبێتەوە".

بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشكرد كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چاودێرییەكی توندی بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەكەن و رێگە بە هیچ سەرپێچییەكی یاسایی نادەن.

وتیشی:" بەپێی یاسا نابێ بانگەشەكانی هەڵبژاردن پێش مانگێك لە دەستپێكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستپێبیكات، بەڵام لەئێستاوە هەندێ بانگەشەی پێشوەخت بەدیكراوە، كە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە".

عیماد جەمیل هۆشداریشی دا كە هەر پڕوپاگەندەیەكی هەڵبژاردن ببێتە هۆی فریودانی هاووڵاتیان و لەخشتەبردنیان، بەپێی هەردوو ماددەی 31 و 32ی یاسای هەڵبژاردن، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیكاران دەكرێت.

بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق ئەنجامبدرێت، كە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.