Oct 13, 2023 | جیهان
بەهۆی مەترسی پەرەسەندنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزییەكان لە كەناری خۆرئاوای فەڵەستین، حكومەتی ئوردن بڕیاریدا لەكۆی سێ دەروازەی سنووریی لەگەڵ ئیسرائیل، دووانیان دابخات.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی ئوردن، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا باسی لەوەكردووە دوای ئەوەی رێگە بە تێپەڕبوونی تەنیا هەزار كەس درا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتییەوە هەریەك لە پردی شا حوسێن و دەروازەی سنووری لەگەڵ ئیسرائیل، كە بۆ گواستنەوەی رێبوار و بارهەلگرەكان بەكاردەهێندرا، داخراو تا سبەینێ شەممە، ناكرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، كە لەپێناو كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەو رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری، بڕیاریانداوە بەهەمان شێوە دەروازەی سنووری شێخ حوسێن لەگەڵ ئیسرائیل دابخەن و رۆژی شەممەش بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام كارەكان لە دەروازەی سنووری عەرەبا بە شێوەیەكی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی لەكاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێكی پشتیوانی بۆ كەرتی غەززە، كە ماوەی هەفتەیەكە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان دەكرێت، هەزاران هاووڵاتی ئوردنی روویان لە دەروازە سنورییەكان كرد داوایانكرد رێگەیان پێبدرێت بچنە كەناری خۆرئاوای فەڵەستین.
ئوردن و ئیسرائیل سێ دەروازەی سنووریان لە نێواندا هەیە، كە بریتین لە دەروازەكانی شێخ حوسێن، شا حوسێن و وادی عەرەبا.