150324287_3878634125522341_5502690969126250286_n.jpg

تورکیا و عێراق و پرسی پەکەکە

Oct 10, 2023  |   بیروڕا 

ڕوونە کە عێراق بەدوای پەیوەندی و هەماهەنگی باشترەوەیە لەگەڵ تورکیا و نایەوێت هیچ ئاڵۆزیەك لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام هێندە ئاسانیش نیە کە بتوانێت ئەو پەیوەندیە دڵخوازی تورکیابێت چونکە خواستەکانی تورکیا بۆ عێراق کەم نین.
بۆ تورکیا و عێراق زۆر قورس نیە لەسەر پرسەکانی نەوت و ئاو و خاڵە سنوریەکان و هەندێك پرسیتر بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەو پرسەی کە تورکیا عەوداڵیەتی کە چارەسەری ریشەیی بکرێت و بۆ عێراق ئاسان نیە پرسی بوونی پەکەکەیە لە خاکەکەیدا.
بوونی پەکەکە لەقەندیل پرسێکی گەورەترە لەوەی کە دوو وەزیری تورکیا و عێراق لەبارەیەوە ڕێگە چارە دابنێن، چونکە ئەم هێزە گۆشەگیر و کەنارگرتە نیە لە سیاسەت و پەیوەندیەکاندا، بەڵکو ئەم بونە وا بەستەی هاوکێشەیەکی گەورەترە و عێراقیەکان دەبێت ئەو پرسە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لانیکەم لەگەڵ ئەمریکیەکان و ئێرانیەکانیش باس بکەن.

خواستی تورکیا و ستراتیژی بەرامبەر پەکەکە چیە و چی لە عێراق دەوێ پێویستی بە لێکدانەوە و پێچ و پەنا نیە، یان دەبێت عێراق بێدەنگبێ لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر سەروەری خاکەکەی دەکرێت یان دەبێت خۆی چارەسەرێکی دلخوازی تورکیا بۆ سنورەکانی بکات، بەجۆرێك کە خاکی عێراق نەبێتە مەترسی لەسەر تورکیا و شوێنی داڵدەدانی نەیارەکانی.

لە کاتێکدا عێراق وڵاتێکی خاوەن سیادە و بڕیاری سەربەخۆ نیە، بەڵکو بۆ همو ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ئەمنیەتی ناوچەکەوە هەیە و کاریگەری لەسەر نەخشەی ئەمنی لە وێنە فراوانەکە دائەنێ، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوەی خۆی بکات بەتایبەت بۆ پرسی ڕووبەڕووبونەوەی پەکەکە.

هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێت کە لە داهاتودا هەندێك هەنگاو بنرێت و ببێتە فشار لەسەر قەندیل جا بە لێکتێگەشتنبێ یان نا! لانیکەم لەم قۆناغەدا عێراق وەڵامی بەشێك لە خواستەکانی تورکیا بداتەوە لە پێناو پەیوەندیەکی باشتردا، چونکە لە لایەکیتریشەوە پەیوەندی باشی تورکیاو بەغداد رێگاکانی بەردەم هەرێمیش تەسکتر دەکاتەوە بە قازانجی بەغداد و لە قاڵبدانی زیاتری هەرێم کە ستراتیژی ئێستای بەغدایە

نوسەر:عوسمان گوڵپی