Oct 10, 2023 | بیروڕا
(حوکمڕانە باشەکان ئەوانەن کە بەرژەوەندی میللەتی خۆیان ناکەن بە قوربانی کەس)
بەشی یەکەم:
لە کێشەی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر نەوتی هەرێم، دەسەڵاتدارانی ماوە بەسەرچوی هەرێم بەشێکن لە داوا و فشارەکانی ئەنقەرە لەسەر بەغدا! حەزدەکەن کیشەی موچە بەردەوام بێت تا پاساوبدەنەوە ئەوەی نەوتەکە بدەنەوە تورکیا و وەک جاران هەرزان فرۆشی بکەن، ئەو نەوتفرۆشیەی کە خۆیان دەڵێن زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار پێی لە ژێرەوەین و پاشەکەوت و لێبرین و فەوتاندنی چەندین مانگ موچەی فەرمانبەرانی بەدواوە بوو!
ئاخر کەی ڕەوایە هەرێم و خەڵکەکەی باجی رێکەوتنی پەنجا ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بدەن لەگەڵ تورکیا لەسەر نەوتی هەرێم، رێکەوتنێک کە نە پەرلەمان و تەنانەت نە تەواوی حکومەتی هەرێمیش ئەو سەروەختە ئاگاداری بوون، کەسێک یان خێزانێکی سیاسیی بڕوات بەناوی هەرێمەوە بێ ئاگاداری پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ پەنجا ساڵ رێکەوتن بکا لەگەڵ دەوڵەتێکی دراوسێ لەسەر نەوت و ووزە، ئەمە کوێی دەستور و یاسا و تەنانەت لۆژێکی حوکمڕانیی و دەوڵەتدارییە؟! بەمەرجێک جگە لە گیرفانی شەخس و خێزانە سیاسیەکان کەس سودی لێ نەبینیبێت بەڵکو لەسەری قەرزار بوبیتەوە؟!
جا هێشتنەوەی کێشەی نەوتی هەرێم بە هەڵواسراوی و بەستنەوەی بە تەشریعی یاسای نەوت و غاز کە لەم خولەدا ئاسان نیە پەسەند بکرێ، رادەستنەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە و گەرمبونی ترافیکی نێوان ئەنقەرە و هەولێر، مەرج و بێمنەتیەکانی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەرەشە و فشە رۆژانەییەکانی بەشێک لەبەرپرسەکانی هەرێم گوایە قسە و هەڵوێستی جدیان دەبێت، هەمووی هیوا هەڵواسینە بەوەی لە ژێر پاڵتۆی تورکیاوە جارێکی تر دەستیان لە فرۆشی نەوت گیر ببێتەوە، لەو لاشەوە موچە و بودجەی خەڵکی هەرێمیان کردۆتە قوربانی ئەو یارییە گڵاوە! لەوەتەی خۆیان خستۆتە باوەشی تورکیا و هەڕەشەی جیابونەوە لە عێراق دەکەن، گیرفانی خۆیان گەورە بوە بەڵام خەڵک باجەکەی داوە!
دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەغدا دەڵێن «ناتوانین ٤٠٠ هەزار بەرمیل بدەین»، کەچی لەولاوە دەڵێن «نەک هەرێم و عێراق بازاڕی جیهانی نەوت بە هۆی نەوتی هەرێمەوە زیانی پێگەیشتوە و دەبێ بە زوویی لە رێگای تورکیاوە نەوت بفرۆشینەوە»!!
بە کورتیەکەی ئامادەنین مەلەفی نەوت لەگەڵ عیراق حەل بکەن بەشێکی لەبەرخاتری تورکیایە بەشێکی خەمی گیرفانی خۆیان، باکیشیان بە موچەی خەڵک نییە.
ئەوەی ئێستا ڕودەدات باجی ئەو ساڵانەیە کە خۆیان و نەوتیان خستە باوەشی تورکیاوە، بەغدایان کردە دوژمن و ئەنقەرەیان وەک فریادرەس وێناکرد، ئەوەی بە ساڵانێک هەڵە تۆماریان کرد چاوەرێن بە مانگێک ئاسەواری نەمێنێت!!
بایی ملیاران دۆلار نەوتی هەرێمیان فرۆشتوە، خزمەتی گیرفانی تورکیا و خۆیان پێکردوە، عێراق سکاڵای تۆمارکردوە، چەندین ساڵە لە بێنە و بەردەی یاساییدایە لەگەڵ تورکیا هەموو ئەو بەزمانەیان خەلقاند، خەڵکیان بێ موچە کرد، خۆیان دەڵێن نەوتمان فرۆشتوە و قەرزارین، کەچیی هێشتا دەرسیان وەرنەگرتوە و لەسەر هەمان سیاسەتی هەڵەی ڕابردو لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە بەردەوامن، لەبری لانیکەم پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، وەک بەشێک لە وەفدی تورکیا مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکەن!
بەشێک لە هێزە سیاسیەکانی بەغدا بەتایبەتی نەیارەکانی سودانی کێشەی نەوتی هەرێمیان بۆ لێدان لە سودانی و هەرێمیش قۆستۆتەوە، بەڵام ئایا ئێستا کام لایەن لە هەرێم هاوپەیمانی نەیارەکانی سودانییە و ئەو یارییە بە دەستی کێیە و بە دڵی کێیە؟!
نوسەر:هۆشیار عهبدوڵا