Oct 9, 2023 | جیهان
بڕیارە ، وەزیری وزەی توركیا بەمەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان سەردانی عیراق بكاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاویكردووەتەوە، كاتی سەردانەكەی ئالپئارسلان بایرەكتار دیارنییە، بەڵام بەووتەی ئەو بەرپرسە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بابەتی سەرەكی گفتوگۆكانی دەبێت.
راپۆرتەكەی رۆیتەرز ئاماژە بەوەش دەكات، چەند كێشەیەكی دارایی و تەكنیكی هێشتا ئاستەنگن لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كە لە كۆتاییەكانی ئازاری ئەم ساڵەوە لەسەر داوای بەغداد راگیراوە و هێشتا دەستیپێنەكردۆتەوە.
بایرەكتار لە 24ی ئابی ئەم ساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدا و هەرێمی كوردستانی كرد.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
بە گوتەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت بە نزیكەی شەش ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.