Jun 29, 2024 | جیهان
ئێران هۆشداری دا کە ئەگەر ئیسرائیل "دەستدرێژی سەربازیی تەواو" بکاتە سەر لوبنان، ئەوە دەبێتە هۆی "جەنگێکی تەواو وێرانکەر". دەشڵێت بژاردەمان بۆ وەڵامدانەوە لە بەردەستە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزییەکان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان توندتر بوون و ئەمریکاش هەوڵی داوە ڕێگری بکات لەوەی بگۆڕێت بۆ شەڕێکی گەورەتر.
نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری هێرشێکی لەو شێوەیەدا، "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، تەنانەت بەشداری پێکردنی هەموو لایەنەکانی مقاوەمەش".
مەبەست لە بەرەی مقاوەمە، هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە، لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، نزیکەی هەموو ڕۆژێک گرژی و هێرشی ناوبەناو لە سنووری ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هەبووە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم ململانێیانە سەدان کوژراوی لێکەوتووەتەوە و دەیان هەزار کەسی ناچار کردووە لە هەردوو دیوی سنوور( ئیسرائیل و لوبنان) ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
هەروەها ئاموس هوخشتاین، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، دە ڕۆژ لەمەوبەر لە سەفەرێکیدا بۆ ناوچەکە، هۆشداری دابوو کە ئەم گرژییانە دەتوانن ئێران بخەنە ناو ململانێکەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەک هەیە ئاگربەست لە غەززە بتوانێت کۆتایی بە ململانێ سنوورییەکان بهێنێت.
ئیسڕائیل لەماوەی ڕابردوودا فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای لوبنان،تالیب سامی عەبدوڵڵا و هاوەڵەکانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ماڵێک لە گوندی جویا لە باشووری لوبنان کوشت.
دوای چەند کاتژمێرێک، حیزبوڵڵای لوبنان هێرشێکی بێ پێشینەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. میدیاکان ژمارەی مووشەکەکانی حیزبوڵڵایان بەرەو ئیسرائیل تا 250 مووشەک بڵاوکردەوە.
ئەم هێرشە مووشەکییە، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، گەورەترین هێرشی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل بووە.