448683056_936847318453154_9192132835777844208_n_770x420.jpg

ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی رووسیاو كۆریای باكوور

Jun 19, 2024  |   جیهان 

سەرۆكی رووسیا لەمیانی سەردانەكەی بۆ كۆریای باكوور، رێككەوتنێكی هاوبەشی ستراتیجی گشتگیر لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە واژۆ دەكات و راشیدەگەیەنێت: لە رێككەوتنەكەدا پێشنیاز كراوە هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە هێرشی كرایەسەر، وڵاتەكەی تر هاوكاری بكات.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی كۆشكی كرملین، لە میانی سەردانەكەی ڤلادیمێر پوتین بۆ كۆریای باكوور، رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیجی گشتگیر لەنێوان هەردوو وڵات واژوو كرا.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەچەند رێككەوتنێكی دیكە لەنێوان رووسیا و كۆریای باكوور كراوە لە بوارەكانی تەندروستی، خوێندنی پزیشكی و زانستی، لەگەڵ بنیاتنانی پردێك بۆ رێگای ئۆتۆمبێل لەسەر ڕووباری تومانایا.

ڤلادیمێر پوتین و كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور لەدوای كۆبوونەوە هاوبەشەكەیان لە پیۆنگ یانگ، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، سەرۆكی رووسیا رایگەیاند: مۆسكۆ گرنگیی بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باكوور دەدات و لەگەڵ پەرەپێدانی زیاتری هاریكارییەكانە لەهەموو بوارەكاندا.

پوتین باسی لەوەشكرد كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆریای باكوور لە بواری ئابووریی و بازرگانییدا پەرەی سەندووە، وتی: "قەبارەی بازرگانیی دووقۆڵی ساڵی ڕابردوو، نۆ هێندە زیادیكردووە، تەنها لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 54% بەرزبووەتەوە".

سەرۆكی رووسیا ئاشكرایكرد، ئەو رێككەوتنە هاوبەشە گشتگیرەی لەگەڵ كۆریای باكوور واژوو كراوە، پێشنیاری ئەوە دەكات هەركاتێك هێرش كرایە سەر یەكێك لە لایەنەكان، لایەنەكەی تر هاوكاری بكات.