Jun 2, 2024 | عیراق
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری خشتەی بودجەی 2024 کۆببێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، بەهۆی بایکۆتی بەشێک سوننەکان و گەشتی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ حەج، دیارنیە ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو تەواو بێت و دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا، داوا لە ئەندامەکانی دەکات رۆژی دووشەممە 3-6-2024 کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی ئامادەبن لە هۆڵی کۆبونەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر هەمواری خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عیراق، ئەمەش پشتبەستن بە یاسای هەموارکراوی بودجە لەلایەن لیژنەی داراییەوە.
بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بەمیدیای فەرمی یەکێتی راگەیاندووە، پێویستە لە کۆبونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەراندا 165 پەرلەمانتار ئامادەبن، بۆ ئەوەی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو تەواو بێت، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەک پەرلەمانتار گەشتی حەجیان کردوەو هاوکات ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سونەش بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە، بۆیە دیار نییە کە دانیشتنەکە ئەنجامدەدرێت یاخود نا.
لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو رۆژی 9-5-2024 پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە و پەسندکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی عیراق، بۆ ماوەی مانگێک پشووەکە دواخرا و هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی پرسی بودجە دەنگی لەسەر بدرێت.