442488608_987335519622241_3275417793655375652_n_770x420.jpg

هەڵەبجە و تاوانێکی لەبیرنەکراو…

May 24, 2024  |   كوردستان 

هەڵەبجە ئەو شارە سڤیلە بێتاوانەی بە دڕندانەترین شێوە هەزاران هاوڵاتی کرایە قوربانی و مرۆڤ و ژینگە و خاکەکەی ژەهرباران کرا ئەو تاوانە هەرچەندە جیهان و ناوچەکە و عێراقیش لێی بێدەنگ بن و پەڕاوی تاوانەکەی بشارنەوە ، بەڵام هەرگیز لەبیری ڕۆڵەکانی گەلەکەی ناچێتەوە چونکە برینێکی قوڵە بە جەستەی گەل و نیشتمانەوە هەربۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق ئێستا بێت یان داهاتوو ، داوای لێبوردن لە گەلی کورد و شاری هەڵەبجە بکەن و و قەرەبوی مادی و مەعنەوی لەپای ئەو تاوانە بکرێتەوە ، هێشتا و لەدوای دەیان ساڵ برینی هەڵەبجە تادێت بەئازارتر دەبێت و ساڵ بە ساڵ زیاتر دێتە سۆ، بەتەنیشت زامەکانی ئەنفال و تاوانە یەک لەدوای یەکەکانی تر ،هەربۆیە گەلی کورد بە زیندویی و سەربەرزی دەمێنێتەوە و تاوانکارانیش بە تاوانکاری و ڕوڕەشی بەرەو گۆڕستانی مێژوو بەڕێدەکرێن .
دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق پێویستە بیر لە ئازاری قوڵی تاوانی هەڵەبجە بکەنەوە و وەک چۆن دوای چەندین ساڵ بڕیاردرا ڕۆژی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەنە پشوو هەرواش بیر لە داوای لێبوردن و بژاردنی زیانە گیانی و ئابووری و ژینگەیەکانی هەڵەبجە بکەنەوە ، حکومەتی هەرێمیش پێویستە هەڵەبجە بکاتە مۆزەخانەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی بۆ وێناکردنی تاوانە جەرگبڕەکانی ڕژێمی بەعس و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ڕابردوو لە عێراق ، پیرۆزبێت بەفەرمی ناساندنی ڕۆژی تاوانی پڕ ستەمی ١٦ی ٣ و بە پشوو ڕاکەیاندنی لە تەواوی عێراق ...


بێرون عمر فتاح
٢٣-٥-٢٠٢٤