102842024_4555_770x420.jpg

حە.ماس: لە دواین پێشنیاری ئاگربەستی جەنگ دەکۆڵینەوە

Apr 28, 2024  |   جیهان 

خەلیل ئەلحەییە بەرپرسی باڵای حەماس رایدەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی حەماس سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دواین پێشنیاری ئاگربەستە. میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، وێڕای هەبوونی تێبینی لەسەر پێشنیارەکە، ئەگەری هەیە ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت.

ئەم لێداوانە لە کاتێکدایە کە لیژنەک لە میسرەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دانوستان لەبارەی ئاگربەستەوە گەشتیان بۆ ئیسرائیل کردووە.

ئاژانسی ئەعەرەبیە بڵاویکردەوە، کە سەرچاوەیەک لە حەماسەوە پێی راگەیاندوون، ئەوان پێشنیاری ئاگربەستەکەیان بە یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس گەیاندووە و چاوەڕێی وەڵامی دەکەن.

بەگوێرەی سەرچاوە میسرییەکان، پێشنیارەکەی قاهیرە سەرەتا لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی گفتوگۆی لەسەر کراوە، پاشان خرایە بەردەستی حەماس، و ئەگەری هەیە چەند رۆژی داهاتوو بگەنە رێککەوتن.

لەلایەکی دیکەوە میدیای فەرمی ئیسرائیل لەسەر زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە وێڕای هەبوونی تێبینی لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆوە، بەڵام ئەگەری هەیە لایەنی ئیسرائیلی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بەدواین پێشنیار رازی بێت.

حەماس دوێنێ رایگەیاند، کە ئامادەیە بۆ پێشنیاری راگرتنی جەنگ بەشێوەی تەواوەتی و دەرچوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

جێی ئاماژەیە، نزیکەی 129 بارمتە هێشتا لە کەرتی غەززە لە ژێر دەستی حەماس دەستبەسەرن.

بەپێی هەڵسەنگاندنی ئیسرائیلییەکان، ئەگەری هەیە نزیکەی 34 کەس لە بارمتەکان لە ئەنجامی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە لە کەرتی غەززە کوژرابن. 

پێشتر، لە کۆتایی مانگی دەی ساڵی رابردوو، لە ئاگربەستێکی کاتیدا ئیسرائیل 100 بارمتەی لای حەماسی ئازادکرد.

لەناوخۆی ئیسرائیلدا چەندین خۆپیشاندنی گەورە بەڕێوەدەچێت و حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لە ژێر فشاردایە بۆ راگرتنی جەنگ و ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس.