Feb 20, 2024 | عیراق
وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، دەستپێكردنی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكانی بۆ مانگی شوبات راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن وەزارەتەكەوە بڵاوكرایەوە"فەرمانگەی ژمێریاری دەستیكرد بە رێكارەكانی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان بۆ مانگی شوبات"، داواشی لە یەكەكانی خەرجی كرد "لە وەزارەتەكان و پارێزگاكان و ئەو لایەنانەی وابەستەى وەزارەت نیین، سەردانی فەرمانگەی ژمێریاری بكەن بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی پەیوەست بە پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ رەچاوكردنی پابەندبوون بە خشتەی مانگانەی پارەداركردن كە پشتی پێدەبەسترێت".
هەروەها وەزارەتی دارایی عیراق، داوای لە هەموو میدیاكان و پەيجەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كرد، بە بەرپرسیارێتییەوە هەواڵەكان بگوازنەوە و نەبنە مایەی بانگەشەكرد بۆ ئەو زانیارییانەی دەبنە مایەی تێكدانی رای گشتی، سەبارەت بە وادەی دابەشكردنی مووچە، و هەواڵەكان تەنیا لە لایەنی فەرمی و وەزارەتی داراییەوە وەربگرن.
وابڕیارە لە دوای تەواوبوونی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، بەغدا 618 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات و حكومەتی هەرێمیش دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بكات.