Feb 17, 2024 | كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە راوێژكارێكی سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوەو پرسی ئابووری و وزە گرنگترین تەوەری دیدارەكە بووە.
ئەمڕۆ شەممە، لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئامۆس هۆكستاین، گەورە راوێژكاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە و وەبەرهێنان، كۆبووەوە.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووری و هاریكاریی وزە و وەبەرهێناندا، دوایین ڕێكار و هەنگاوەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لەمبارەیەوە، باس كران.
هۆكستاین باسی لەوە كرد كە ئەمریكا بە بایەخ و گرنگییەوە دەڕوانێتە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و دەخوازێت لە كەرتەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و وزەدا، برەو بە دەرفەتەكان و هاریكاریی هاوبەشیان بدات، هەروەها پابەندیی ئەمەریكای بە بەردەوامیی پشتگیری و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان، دووپاتكردەوە.
تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەڕەشەی سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران لە عێراق و كاریگەریی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.