253219936_192181043097422_1100491009679983277_n_770x420.webp

ئەردۆغان هەڕەشە لە سلێمانی دەكات

Feb 15, 2024  |   كوردستان 

سەرۆككۆماری توركیا دەڵێت، لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندییەكانی زۆر باشدان، بەڵام سلێمانی سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان كردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی رێكخراوی "تیرۆرستیی" پەكەكە، یەپەگەوپەیەدە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەكاتی گەڕانەوەی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەبارەی پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو سلێمانی بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند:" چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی سلێمانی داوە. پێمانوتن؛ لەوێ چەند پێكهاتەیەك لە ناوچەكە دەبینین، دەرفەتیان پێ مەدەن. ئەگەرنا تەنیا دەمێننەوە."

ئەردۆغان ووتی، لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندییەكانی زۆر باشدان و سەبارەت بە سلێمانیش وتی، "سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێكە هاونەژادەكانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاراستەیەكی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان كردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی رێكخراوی تیرۆرستیی پەكەكە/یەپەگە/پەیەدە".
 
سەرۆككۆماری توركیا روونیكردەوە، لە دیدارەكەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی لە دوبەی باسیان لەو بابەتە كردووە:"لە دیدارەكەماندا ئێمە بابەتەكەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان كردنەوە. با هیچ كەسێك چاوەڕێی هەڵوێستێكی جیاواز لە ئێمە نەكات. كاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناكەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین كە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام كاتێك باسەكە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاكانی لێبووردەیی تاوەكو كۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیكەین."
 
ئەردۆغان، رایگەیاند:" ئەگەر ئامانج لەو هەنگاوانە دووژمنداری بێت، كاردانەوە و رێكاری پێویستیان دەبێت، هەروەها سڵناكەنەوە لە هەنگاوی تووندتر. "
 
لە 3ـی نیسانی 2023، كۆمپانیای توركیش ئێیرلاینز گەشتەكانی لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە تاوەكو ئێستا راگرتووە؛ چەندین جاریش بڕیارەكە درێژكراوەتەوە. لەبارەی هۆكاری راگرتنەكەوە توركیا دەڵێت، "چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و رێكخراوەكە دزەیكردووە بۆ نێو فڕۆكەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەكان.''
 
لە دوایین بڕیاردا، توركیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیكە و تاوەكو 22ـی 6ـی 2024 درێژكردووەتەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 06-02-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا و مەتین گوراك، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازییان لێكرا.
 
ئەو دوو بەرپرسە توركە لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران كۆبووەوە و بە گوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت، لە كۆبوونەوەكە لەگەڵ یاشار گولەر باسی بڕیارەكانی توركیا سەبارەت بە راگرتنی گەشتەكانی توركیا بەڕووی ئاسمانی سلێمانیدا كراوە.