Sep 17, 2025 | جیهان
وەزیری دەرەوەی سووریا، پەسەندكردنی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی دۆخی پارێزگای سوەیدا رادەگەیەنێت و دەشڵێت: پێویستە لاپەڕەیەكی نوێ بكەینەوە و سزای هەر كەسێكیش بدەین كە تاوانی بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی كردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16-9-2025، لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن، كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لەنێوان ئەسعەد سەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سووریا و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن بەڕێوەچوو، تێیدا وەزیری دەرەوەی سووریا نەخشەڕێگایەكی راگەیاند كە بۆ چارەسەركردنی پرسی پارێزگای سوەیدا.
شەیبانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: نەخشەڕێگاكە لە حەوت هەنگاو پێكدێت، لەوانەش سزادانی ئەو كەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە و دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی مەدەنی سوور بووە، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و نۆژەنكردنەوەی گوندە وێرانبووەكانی سنووری پارێزگای سوەیدا و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.
خاڵێكی تری نەخشەڕێگاكە بریتییە لە بڵاوكردنەوەی هێزی ناوخۆیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بەمەبەستی ئاساییكردنەوەی ژیانی هاووڵاتیان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ سنووری پارێزگاكە.
حكومەتی سووریا لەچوارچێوەی پڕۆژە چارەسەرییەكەدا، بەڵێنیشیداوە كار بكات بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی ونبووەكان و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە رفێندراو و دەستگیركراوەكان لەهەموو لایەنەكاندا، خاڵی كۆتاییش بریتییە لە ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی بە بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكانی پارێزگای سوەیدا.
راگەیاندنی نەخشەڕێگاكەی حكومەتی سووریا، كە هەریەك لە ئەمریكا و ئوردن پاڵپشتی لێدەكەن، لەكاتێكدایە دروزەكان بە سەركردایەتی شێخ حیكمەت هەجەری، داوا دەكەن پارێزگای سوەیدا بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پارێزگاری لێبكرێت.