پەیامی پیرۆزبایی هەڤاڵ بێرون عومەر فەتاح سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی بزوتنەوەی چاکسازیی
Sep 11, 2025 | كوردستان
پیرۆزبێت (یازدەهەمین ) ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی…
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
هەڤاڵان و دۆستانی تێکۆشەر
لەیادی (یازدەهەمین) ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانیدا بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەین ، وا ساڵێکی تر لە خەباتی مەدەنیانە و هێمنانەمان خستەسەر خەرمانی تێکۆشانی جەماوەریی و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو بەرەو ئامانجە پیرۆزەکانمان دەنێین
ئیرادە و خواستی نیشتمان پەروەرانەی بزوتنەوەکەمان ئاماژەیە لە قۆناغی داهاتوودا و لە ساڵی نوێی خەباتدا بەگڕوتینێکی بەهێز و پڕ لە هیواوە بە میکانیزمێکی نوێ هەنگاو دەنێین و هەوڵی فراوانبوون و بەهێزبوونی پایە سیاسی و جەماوەریەکانی بزوتنەوەی چاکسازیی دەدەین ،
یادی (یازدەهەمین) ساڵەی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی ناسەقامگیر و ئاڵۆزدا گوزەر دەکات ، لێکەوتەی ئاڵۆزی و گۆڕانکاریەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئایندە و چارەنوسی گەلەکەمان دەبێت .
بۆیە پێویستە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە جدی هەڵوێستە لەسەر مەترسیەکانی سەر هەرێم و ناوچەکە بکەن و بە یەکهەڵوێستی خۆیان بۆ ئەگەر و پێشهاتە چاوەڕوان کراوەکان ئامادە بکەن و سود لە پشتیوانی دۆستانی گەلەکەمان لەناوچەکە و جیهان وەربگرن ، بۆ ڕەواندنەوەی هەرئەگەر و پێشهاتێکی مەترسیدار .
وەپێویستە هەموولایەک هاوکاربن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی موچەو دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریەکانی هاووڵاتیان و کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کەلەسایەیدا خزمەتگوزاری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەمان دەستەبەر بکەین .
جارێکی تر پیرۆزبایی و سڵاوی ڕێز و وەفا ئاراستەی هەڤاڵان و جەماوەری خۆشەویست و دۆستانی بزوتنەوەکەمان دەکەین .
شاد و سەرکەوتووبن
بێرون عمر فتاح