بــەیـانـنامـەی (بــزوتنەوەی چــاكسازیـی نــیشتمانی) بـەبـۆنـەی یـازدەهـەمـیـن سـاڵـڕۆژی ڕاگـەیاندنیـەوە .
Sep 11, 2025 | كوردستان
بــەیـانـنامـەی (بــزوتنەوەی چــاكسازیـی نــیشتمانی)
بـەبـۆنـەی یـازدەهـەمـیـن سـاڵـڕۆژی ڕاگـەیاندنیـەوە .
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
هـەڤـاڵان ودۆســتانـی بـەئـەمەك
بەبۆنەی (١١) هەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی (بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی) بەگەرمی پیرۆزبایی لە تەواوى گەلى کوردستان و هەڤاڵان ودۆستانى بزوتنەوەکەمان دەکەین ، ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی چاكسازیی نیشتمانی وەك پێویستییەکى گرنگى قۆناغەكە بو لەو هەلومەرجەدا، هەر بۆیە قۆناغەکانى داهاتوى خەبات شێلگیرانە برەو پێدەدەین شان بەشانی پارت و لایەنە تێكۆشەرەكانی تری كوردستان بۆگەیشتن بە مافە ڕەواکانى گەلەکەمان .لەسەر بنەمای سیاسەتێكی هێمن و پەیوەست بە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەل و نیشتمان .
لە كاتێكدا یادى (١١) هەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی بزوتنەوەكەمان دەكەینەوە عێراق و ناوچەكە وجیهان لەبەردەم ئاڵۆزی و پێشهاتى سیاسی و سەربازی مەترسیداردایەو دۆخەكە بەئاراستەى گۆڕانکارى چارەنوسساز هەنگاودەنێت، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەر و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی پەیوەست بە گەلەكەمان گرنگە بە یەكگرتوویی و یەکهەڵوێستى کاربۆپاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
چارەسەری سیاسی و میكانیزمی گفتوگۆ وەك شێواز و خەباتی سەردەمیانە و گەڕاندنەوەى متمانە و سود وەرگرتن لە پەیوەندی دۆستانی گەلەکەمان لە ناوچەكە و جیهان بكرێتە بنەمای ڕەواندنەوەی هەرمەترسیەک کەڕوبەڕوى كوردستان ببێتەوە ،چارەسەركردنی گرفت و قەیرانەكانی هاوڵاتیان لەڕوی بژێوی و خزمەتگوزاری و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بە خەڵكی كوردستان دەبێتە مایەی سەقامگیرى و خۆشگوزەرانی كە پێویستە هەموو لایەك هەوڵی بۆ بدات .
وە هەروەها زەرورەتی قۆناغەکە دەخوازێت لایەنە سیاسیە تێکۆشەرەکانى کوردستان یەکهەڵوێست و داكۆكیكاربن بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكانی گەلەكەمان و جەخت لەسەر چارەسەركردنی کێشەى ناوچە دابڕێنراوەکانى دەرەوەى هەرێم بكرێتەوە و پرسە نیشتمانى ونەتەوەییەکان وەک جەوهەری كێشەكانی نێوان هەرێم وبەغدا کاری لەسەربکرێت .
قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان دەستكەوتی مێژوویی و بەرهەمی قوربانى و خوێنی شەهیدانە دەبێت هەموولایەك بیپارێزین ، وەهەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە هەوڵی جدی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانى مووچە و دامەزراندن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتیان و خەمی خەڵك بڕەوێنێتەوە لە ڕێگای چاكسازیەكی گشتگیر كە پێشینە بداتە بابەتە گرنگەكانی خزمەتگوزاری ، هەر لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیەوە هەوڵی بەهێزكردنەوەی لایەنداری نیشتمانی بدرێت و وابەستەبوونی تاك بە نیشتمان بكرێتە بنەمای پێشخستنى کۆمەڵگەو ئارامی وڵات ، لە كۆتاییدا داواكارین هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەسازان و گفتوگۆ پەرلەمان و حکومەتى نوێ پێکبهێنن و دۆخی ئێستای كوردستان تێپەڕێنن،جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەڤاڵان ودۆستان و جەماوەری خۆڕاگری کوردستان دەكەین ..
شاد و سەركەوتوو بن
بزوتنەوەى چاکسازیی نیشتمانى