Feb 23, 2025 | جیهان
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆتایی هات و بەپێی ئەنجامە بەراییەكانیش، هاوپەیمانیی كریستیانەكان سەركەوتنیان بەدەستهێناو پارتی سۆسیال دیموكراتیش بەسەرۆكایەتی ئۆلاف شۆلتز، دووچاری شكستێكی مێژوویی بووەوە و لەپلەی سێیەم دێت.
دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە بەپێی ئامارەكان، رێژەی 84%ی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەشدارییان تێدا كرد، ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدان بڵاوكرایەوە، هاوپەیمانی كریستیان دیموكراتەكان، كە لە دوو پارتی راستڕەو پێكدێن، بە بەدەستهێنانی رێژەی 29%ی دەنگەكان، پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و ئەگەری هەیە لەكۆی 630 كورسی پەرلەمان، 211 كورسی بەدەستبهێنێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ پارتی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا)، كە پارتێكی راستڕەوی توندڕەوەو بە دژایەتیكردنی كۆچبەران ناسراوە، سەركەوتنێكی گەورە بوو، بەو پێیەی توانی 19.5%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 143 كورسی پەرلەمان، لە بەرامبەردا پارتەكەی ئۆلاف شۆڵتز-ی راوێژكاری ئەڵمانیا (پارتی سۆسیال دیموكرات) دووچاری شكستێكی مێژوویی بووەو بە بەدەستهێنانی تەنها 16.5%ی دەنگەكان، بۆ پلەی سێیەم دابەزی و ئەگەری هەیە 117 كورسی پەرلەمان بباتەوە، ئەمەش خراپترین ئەنجامی ئەو پارتەیە لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی.
هەر بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، سەوزەكانی ئەڵمانیا بە بەدەستهێنانی رێژەی 13%ی دەنگەكان، دەبنە خاوەنی 96 كورسی پەرلەمان، لەدوای ئەوانیش پارتە چەپەكان دێن بە كۆكردنەوەی 63 كورسی و 5%ی دەنگەكان.