Jan 3, 2025 | جیهان
روداوەکانی ساڵی 2024؛ لە هەریرەوە بۆ هێلکەشکاندن
یەکەم ڕۆژی ساڵی 2024 ڕۆژی بەیاننامەو ئیدانەکردنی بۆردومانی بارەگایەکی پێشمەرگە بوو لە بناری چیای سەفین لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانەوە.
بۆردومانی درۆن و موشەک لە مانگی یەکی 2024 بەردەوام بوو، لە پێنجی مانگ فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر و بنکەی هاوپەیمانان و نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا بەدرۆن بۆردومان کران.
شەوی 16ـی هەمان مانگ ئێران هێرشێکی موشەکی بالیستی کردە سەر ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی لە هەولێر و لە ئەنجامدا پێشڕەو دزەیی و سەرمایەداریکی مەسیحی و کچێکی پێشڕەو دزەیی و خزمەتکارێکی فیلپینی گیانیان لەدەستدا.
لە رۆژی 21ـی شوباتدا دادگای فیدڕاڵی کورسی کۆتای لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە و هەرێمی کوردستانی کردە چوار بازنەی هەڵبژاردن و پارتی بەتوندی بڕیارەکەی ڕەت کردەوە.
دادگای فیدڕاڵی، حکومەتی ناوەندی پابەند کرد بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران.
لە رۆژی 3ـی ئازار، سەرۆکی هەرێم لە مەرسومێکدا ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد.
ڕۆژی 22ـی نیسان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی هەولێری کرد و کاردانەوەیەکی زۆری لەلایەن کۆمەڵگای کوردی لێکەوتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی 26ـی نیسان بەدرۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و چوار کارمەندی بیانی گیانیان لەدەستدا و بۆ ماوەی 72 کاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیرا.
شەوی 4ـی نیسان، ناکۆکیەکانی نێوان مەحەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری سۆشیالیست و عەبدوڵای برای لە گوڵەخانە گەیشتە پێکدادانی چەکداری و پێشمەرگەیەک کوژرا.
ڕۆژی 8ـی نیسان بۆ جاری دووەم، بازاڕی لەنگەی هەولێر و 7ـی ئایار قەیسەری هەولێر سوتاو پارتی یەکێتی و پـــ.ـەکەکــەی تۆمەتبار کرد بە سوتانی بازاڕەکان.
لە مانگی ئایارەوە ئۆپراسیۆن و لەشکرکێشی فراوانی سوپای تورکیا لە بادینان دەستی پێکرد.
ڕۆژی 5ـی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوەوە.
ڕۆژی 7ـی ئایار دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پێنج کورسی لە 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای مەسیحی و تورکمان تەرخان کرد.
لە مانگی ئایار، پارتی لیستی کاندیدەکانی بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشکەش نەکرد و بەهۆیەوە هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیران ئەنجام نەدرا.
ڕۆژی 26ـی حوزەیران، سەرۆکایەتی هەرێم 20ـی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان دیاری کرد.
شەوی 10ـی ئاب لە ئوتێل ڕەشید لەشاری بەغدا، ڕێبوار تەها بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردراو دوای حەوت ساڵ کورد توانی پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنێتەوە.
ڕۆژی 12ـی ئەیلول مەسعود پزیشکیان وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کەمپەینەکەی گەورەترین ڕووداوی ساڵی 2024 بوو و گەرمترین و توندترین کەمپەینی هەڵبژاردن لە نێوان یەکێتی و پارتی بەڕێوە چوو. زۆرترین کاریگەری دروستکرد.
بۆ یەکەمجار بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست وەک دوو حزبی نوێ دروست بوون و بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەكەدا گەورەترین شکست بەر لاهور شێخ جەنگی کەوت و حزبەکەی بەدوو کورسی بووە حزبی حەوتەم لەهەرێمی کوردستان.
نەوەی نوێ پێگەی سێیەمی لە بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتەوەو بووە حزبی سێیەمی هەرێمی کوردستان و گۆڕانیش 12 کورسیەکەی کرد بە یەک کورسی.
هەڵبژاردن بزوتنەوەی گۆڕانی کرد بە دوو باڵ و باڵی ڕێکخەر لەهەڵبژاردندا خۆی تاقیکردەوەو کورسیەکی بەدەستهێنا و پێش هەڵبژاردن بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەتدا، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکەیان جێبەجێنەکردووە.
کۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەتکردەوە و بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانیدا، بەڵام بەشداری یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکەی دوولەت کرد.
ڕۆژانی 19 و 20ـی تشرینی دووەم پڕۆسەی سەرژمێری لە هەرێم و عێراق ئەنجامدرا و دوو ڕۆژ قەدەغەی گشتی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.
لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی 2024، یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ چەند فیگەرێکی دیار، کۆنگرەی ئەنجامدا و سەڵاحەدین بەهادین بۆ جاری هەشتەم بە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە.
دوا ڕووداوی 2024 هێرش بوو بۆ سەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کە تێیدا دوو چالاکوانی کورد لەو وڵاتە بەهێلکە هێرشیان کردە سەری.