Sep 18, 2024 | جیهان
ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی لوبنان و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار بڵاویکردەوە، کە مۆساد، دەزگای سیخوڕی ئیسرائیل، بڕێکی کەم ماددەی تەقینەوەکەی لە پێنج هەزار پەیجەر داناوە، کە حیزبوڵڵا چەند مانگێک لەمەوبەر کڕیبووی.
ئەم سەرچاوە ئەمنییە لوبنانییە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پێشتر حیزبوڵڵای لوبنان داوای پێنج هەزار پەیجەری کردبوو کە لەلایەن کۆمپانیای "گۆڵد ئەپۆلۆ"ی تایوانییەوە دروستکراون و ئەم ئامێرانە لە بەهاردا گەیشتوونەتە لوبنان.
کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆی تایوانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دەستی لە دیزاین یان دروستکردنی ئەو پەیجەرانەدا نەبووە کە لە تەقینەوەکانی لوبناندا بەکارهێنراون، کۆمپانیایەک بەناوی ABC کە مۆڵەتی بەکارهێنانی مارکەکەیان هەیە، دیزاینی کردووە و ئەم پەیجەرانەی بەرهەمهێناوە.
لە بەیاننامەکەیدا کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە مۆدێلی AR-924 لەلایەن کۆمپانیای BAC دروستکراوە و فرۆشراوە: "ئێمە تەنها مۆڵەتی بەکارهێنانی براندەکە دابین دەکەین و هیچ رۆڵێکمان نییە لە دیزاینکردن یان بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەدا".
بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵا ئەمنییەی لوبنان، دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل لە کاتی بەرهەمهێنانیدا، دەستکاری ئەم پەیجەرانەی کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد: "مۆساد پارچەیەکی لەناو ئامێرەکەدا داناوە کە تەقەمەنی تێدایە و لەگەڵ وەرگرتنی کۆددا دەتەقێتەوە. ناسینەوەی ئەم پارچەیە زۆر قورسە، تەنانەت لە رێگەی سکانەریشەوە”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیە سێ هەزار پەیجەر لەکاتی ناردنی پەیامێکی کۆدکراودا تەقینەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تا سێ گرام تەقەمەنی لەناو پەیجەرە نوێیەکاندا شاردراوەتەوە، کە چەند مانگێکە لە چاوی حیزبوڵڵا شاراوەبووە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا چەند مانگێک لەمەوبەر بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، ئەندامانی حیزبوڵڵا ئەم پەیجەرانە بەکاردەهێنن، کە هاوشێوەی مۆبایلە، بۆئەوەی ئیسرائیل بەشوێنەکانیان نەزانێت.
راپۆرتەکان لە لوبنانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی تەقینەوەی هاوکاتی ئامێرەکانی پەیجەر، لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی چوار هەزار کەسیش برینداربوون کە سەدان ئەندامی حیزبوڵڵا و کارمەندانی فریاگوزارییشیان تێدایە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 27ی ئەیلول، وەزیری تەندروستی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەکانەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزاری دیکەش برینداربوون و باری لانیکەم 400 برینداریش ناجێگیرە.