82872024_12qwas_770x420.jpg

پزیشکیان دەستبەکاردەبێت و داوایەک لە خامنەیی دەکات

Jul 28, 2024  |   جیهان 

ڕێوڕەسمی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان، لە لایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسینگەی خامنەیی بەڕێوەچوو. ئەمەش دوو ڕۆژ پێش سوێندخواردنی ناوبراو لە پەرلەمانی ئەم وڵاتەیە.

لە ڕێوڕەسمی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیدا، مەسعود پزیشکیان وتی: سوپاسی خامنەیی دەکەم و دەمەوێت یارمەتیم بدات.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە بەرەو دیدگای ٢٠ ساڵە و سیاسەتە گشتییەکان کە خامنەیی ڕایگەیاندووە هەنگاو بنێن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خامنەیی فەرمانی سەرۆکایەتیی پزیشکیانی جێبەجێ کرد. بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری ئیسلامی، ڕێبەر دەبێ فەرمانی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو جێبەجێ بکات.

بەگوێرەی ئاژانسە نێوخۆییەکانی ئێران، "زیاتر لە دوو هەزار و 500 بەرپرسی حکومی و سەربازی" و کەسانی دیکە لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونەکەی ئەمڕۆدا ئامادەبوون.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی ئێران، پزیشکیان سوێندی یاسایی دەستبەکاربوون بخوات کە دەبێتە "پارێزەری ئایین و سیستەمی فەرمی کۆماری ئیسلامی و دەستووری وڵات".

دوای ئەوە دوو هەفتەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ناوی وەزیرە پێشنیار کراوەکانی بۆ پەرلەمان بنێرێت بۆ ئەوەی دەنگی متمانەی پێ بدرێت.

مەسعود پزیشکیان، پزیشکی نەشتەرگەری دڵە و لە دایکبووی شاری مەهابادە، کە بەڕەگەز تورکە. لە پێشوودا وەزیری تەندروستی بووە لە حکومەتەکەی محەممەد خاتەمی، سەرکردەی سەرەکی چاکسازیخوازانی ئێران.

ماوەی پێنج خول نوێنەری تەورێز بووە لە پەرلەمانی ئێران و جارێکیش جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی هەبوو کە لە مێژووی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩ەوە تۆمارکراوە.