92522024_AP22320158405104_770x420.webp

دۆناڵد ترەمپ: ئەگەر دەرنەچمەوە، ڕەنگە جەنگی جیهانیی سێیەم ڕوو بدات

Jul 27, 2024  |   جیهان 

پاڵێوراوی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا دەرنەچێت ئەوا جەنگی جیهانیی سێیەم ڕوو دەدات.

دۆناڵد ترەمپ لەمیانی پێشوازییكردنیدا لە بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆكوەزیرانی قەوارەی زایۆنی و هاوسەرەكەی، لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا، ڕایگەیاند: ئەگەر بردمانەوە، ئەوا بابەتەكە زۆر سادە و ئاسانە، هەموو شتێك بە خێرایی سەركەوتوو دەبێت، بەڵام ئەگەر نەیبەینەوە، ئەوا جەنگی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات و ڕەنگە جەنگی جیهانیی سێیەمیش ڕوو بدات.

دۆناڵد تڕەمپ، كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمریكا دوای پێشوازییەكی گەرم لە ناتانیاهوو، ڕاشیگەیاند: لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئێمە ئێستا لە هەركاتێكی ڕابردوو زیاتر لە جەنگی جیهانیی سێیەم نزیكین. لەبەر ئەوەی كەسانێك وڵاتەكەمان بەڕێوەدەبەن كە ناكارامەن و لێهاتوو نیین.

پێشتریش چەند جارێك ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكان هۆشداریی لەبارەی ئەگەری دەرنەچوونیەوە داوە، ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر ببێتەوە سەرۆك لە 24 كاتژمێردا جەنگی ئۆكرانیا ڕادەگرێت.