51472024_op_770x420.jpg

وردەکاری تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا

Jul 14, 2024  |   جیهان 

تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کراوە و بەسووکی برینداربوو، تەقەکەرەکەش کوژراو و دوو کەسی تریش لەو ڕووداوەدا بەسەختی بریندار بوون. ترەمپ دۆخی تەندروستی باشە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە.

لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کاتی بانگەشەی هەلبژاردندا لە ناو جەماوەرەکەی، تەقەی لێدەکرێت و بەسووکی بریندار دەبێت.

 

دەوروبەری کاتژمێر 6:15ی رۆژی 13-7-2024 (بە کاتی پێنسلڤانیا) (کاتژمێر 1:15ی بەرەبەیانی رۆژی 14-7-2024 بە کاتی هەولێر) تەقەکەرێک لە ناوچەیەکەوە کە بەسەر شوێنی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپدا دەیڕوانی چەند گوللەیەکی بە ئاراستەی ئەو سەکۆیە تەقاند کە ترەمپ لەسەری وەستابوو و گوتاری لێیەوە پێشکێش دەکرد.

وەک لە گرتە ڤیدیۆکاندا بڵاوبووەتەوە، دەنگی تەقە دێت و دواتر ترەمپ دەست بۆ گوێی دەبات و تیمی پاسەوانیش ترەمپ دەپۆشن و دەیپارێزن و پاشان لە شوێنی ڕووداوەکە دووری دەخەنەوە.

ترەمپ لە نەخۆشخانە دەرچووە و دۆخی تەندروستی باشە. لە ڕووداوەکەدا تەقەکەرەکە کە تەمەنی ٢٠ ساڵە و خەڵکی پەنسلڤانیایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەجێ کوژراوە. هەروەها دوو کەسیش بریندار بوون.

بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، تەقەکەرەکە 137 مەتر لە ترەمپەوە دوور بووە. هێزی پاراستنی تایبەتی ئەمریکاش لە دووریی 134 مەتر بە نیشانەشکێن تەقەکەرەکەی پێکاوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا تۆمەتباری تەقەکردنەکە کە لەهەمان شوێندا کوژراوە، ناوی (تۆماس ماسیۆ کروک)ـە و لە ئەیلولی ٢٠٠٣ لە پێنسیلڤانیا لەدایک بووە و بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکانی لە لیستی دەنگدەرانی ئەمریکا لایەنگری پارتی کۆمارییەکانە، هەمان ئەو پارتەی ترەمپ نوێنەرایەتی دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

 

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماری کردووە و ئەویش دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆی پێ راگەیاندووە.

جۆ بایدن تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەوەی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا روویدا یەکێکە لەو هۆکارانەی بیری هەموو لایەک دەهێنێتەوە کە دەبێت یەکگرتوو بن. 

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا - FBI پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی بەرامبەر ترەمپ کرا هەوڵی تیرۆرکردن بووە.