Jun 27, 2024 | هەمەڕەنگ
ڕۆڵی برنجی پڵاو لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و دابەزاندنی کێش:
-- ژمارەیەکی بەرچاو له هاووڵاتییان بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشیی شەکرە و کێشەی قەڵەوی و زۆریی کێش و کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەنی دیکەیان هەیە، ئەو پرسیارەیان کردووە کە ئایا لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتەهۆی نەمانی نیشاستەکەی؟ و ئەگەر بە پڵاو لێبنرێت ئەوا کێشەی نییە بۆ ئەو کەسانە؟
-- لە ڕووی زانستییەوە لێنانی برنج نابێتەهۆی نەمانی نیشاستەکەی، بەڵام بڕێکی دیارکراو لە نیشاستەکەی واتە کاربۆهێدراتەکەی ناو برنجەکە لەگەڵ بەشێک لە ڤیتامین و پڕۆتینەکەی دەڕوات نەوەک هەمووی، و بەشێکی زۆری دەمێنتەوە دوای فڕێدانی ئاوی یەکەم، ڕوونتر بڵێن بڕێکی کەمتر لە وزەی تێدایە و لە شیوازەکانی تر باشترە بە مەرجێک زیاتر لە یەک بۆ دوو کەوچک زەیت یان ڕۆنی نەقرچێنرێت بە سەریدا و نانەکەی دەوری نەخورێت.
-- وەک زانراوە برنجی بۆر یان قاوەیی و دەنک درێژ باشترە لە برنجی سپی و دەنک خڕ.
ئەوەی گرنگە هەموو هاووڵاتییان بیزانن کە خواردنی قاپێکی بچووک نزیکەی دوانزە کەوچکی چێشت برنجی پڵاو لەگەڵ شلەی سادە و زەڵاتە و سەوزە کاریگەری زۆری نییە لەسەر بەرزبوونەی شەکری ناو خوێن و زیاد بوونی کێش، ئەوەی کە خراپە ئەوەیە بڕێکی زۆری لێ بخورێت لەگەڵ بڕێکی زۆر لەگەڵ گۆشت یان مریشک یان هەر پەلەوەرێکی دیکە.
-- واتە کاتێک دەوترێت بە پڵاو بخورێت پێویستە زیادەڕەوی نەکرێت لە زۆر خواردنی، چونکە بەشێکی زۆر لە نیشاستەکەی تێدادەمێنێت.
د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراک