142332024_151822024_PUTIN_770x420.webp

پوتین ماتەمینی گشتی لە رووسیا رادەگەیەنێت

Mar 23, 2024  |   جیهان 

سەرۆكی رووسیا بڕیاریدا سبەینێ بكرێتە رۆژی ماتەمەینی گشتی لەسەرانسەری وڵاتەكەی بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەكەی شەوی رابردوو بۆسەر سەنتەرێكی بازرگانی لەنزیك مۆسكۆی پایتەخت كە بووە هۆی كوژرانی 133 كەس.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا، لە پەیامێكدا رایگەیاند: سبەینێ یەكشەممە ماتەمینی گشتی لەسەرانسەری وڵات رادەگەیەنرێت بۆ گیانی ئەو هاووڵاتییانەی لە هێرشە تیرۆریستییەكەی شەوی رابردوو گیانیان لەدەستدا.

پوتین سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكان كردو رایگەیاند: ئەو چوار تیرۆریستییەی كە ئەنجامدەری سەرەكیی هێرشە تیرۆریستییەكە بوون، لەكاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بۆناو خاكی ئۆكراینا، دەستگیركراون و سزای خۆیان وەردەگرن.

سەرۆكی رووسیا، هێرشە تیرۆرستییەكەی بە كوشتكارگەیەكی بەئەنقەست وەسفكرد، كە ئامانج لێی نانەوەی ئاشووبە لەناو كۆمەڵگەی رووسیا، وتیشی:" رێوشوێنە ئەمنییەكان لەسەرانسەری رووسیا چڕكراونەتەوە بۆ بەرگرتن لەهەر هێرشێكی تیرۆریستیی هاوشێوە.

شەوی رابردوو، لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆنسێرتێكی گۆڕانی لە سەنتەری كرۆكۆس سیتی هۆل لەشاری گراسنۆ گۆرسك لە رۆژئاوای مۆسكۆی پایتەخت-ی رووسیا، ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر سەنتەرەكەو دەستڕێژی گوللەیان كردو ئاگریشیان لە سەنتەرەكە بەردا، بەپێی نوێترین ئاماری لیژنەی لێكۆڵینەوەی رووسیا، ژمارەی قوربانییان هێرشە تیرۆریستییەكە بۆ 133 كەس بەرزبووەتەوەو دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.