Dec 22, 2023 | هەمەڕەنگ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، هۆشداریی دەدات لە زیادبونی ئەنفلۆنزای وەرزی و دەڵێت، دیارترین نیشانەكانی پەتای وەرزی، بریتیە لە تا و ئازاری جەستە و ماسوڵكە، بەپێویستیشی دەزانێت لەكاتی توشبوون، كەسی نەخۆش پشوو بدات و شلەمەنییەكان بخواتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوكرایەوە "پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی نەخۆشیەكی درمی ڤایرۆسیە و دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و لەڕێگەی تێكەڵاویی و نزیكبونەوە و بەركەوتنی پرژی كۆكە و پژمەی كەسی توشبو دەگوازرێتەوە".
هەر لە راگەیەندراوەكەی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە"ئەم نەخۆشیە زیاتر لەكاتی سەرما و لەوەرزی پایز و زستان بەئاسانی و بەخێرایی دەگوازرێتەوە و بڵاودەبێتەوە و چەند نیشانەیەكی هەیە كە دیارترینیان بریتیە لە تا و ئازاری جەستە و ماسوڵكە، پێویستە لەكاتی توشبون بەئەنفلۆنزا پشو بدرێت و شلەمەنی و شۆربا و شەربەتی پڕ ڤیتامین بخورێتەوە بۆ چاكبونەوە".
نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەرزی :
- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش بەشێوەیەكی كتوپڕ.
- كۆكە و پژمین و زیادبونی دەردراوی لوت.
- دروستبونی ئازار لەماسولكە و جومگەكان.
- هەوكردنی قوڕگ و ئارەق كردنەوە.
- سەرئێشە و گێژبون و هەستكردن بە ماندوێتی.
رێگاكانی خۆپاراستن لەئەنفلۆنزای وەرزی :
- بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ئەنفلۆنزای وەزری بە بەردەوامی.
- شوشتنی دەستەكان بەئاو و سابون بە بەردەوامی.
- دوركەوتنەوە لە دەست لێدانی ڕاستەوخۆ لەچاو و دەم.
- بەكارنەهێنانی كەلوپەلی كەسی توشبو بەئەنفلۆنزا.
- بەكارهێنانی كلێنكس لەكاتی پژمین و كۆكە و دواتر فرێدانی.
- پاككردنەوەی بەردەوامی شوێنەكان وەك مێز و كورسی دانیشتن.
- دوركەوتنەوە لەشوێنە قەرەباڵغەكان لەكاتی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزا.