Nov 9, 2023 | كوردستان
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەستگرتن بەسەر زیاتر لە 241 كیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر و دەستگیركردنی 49 تۆمەتباریش لە كەسانی گەورە بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر، رادەگەیەنێت.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان بڵاوكرایەوە "لە بەردەوامی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لە بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەرەكان لە ماوەی20 ڕۆژی ڕابردودا لە 20ی مانگی رابردوەوە تا 9ی ئەم مانگە، لە 17 چاڵاكی سەركەوتودا كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و هەرسێ بنكەكانی (دهۆك و سۆران و حاجی ئۆمەران)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان توانرا 49 گەورە بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكرێن".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"بڕی ئەو ماددانەی لەم زنجیرە چالاكیەكەدا دەستی بەسەر داگیراوە بریتین لـە، هەشت كیلۆ و 129 گرام ماددەی (تلیاك، دو كیلۆگرام ماددەی هیرۆین، یەك كیلۆ و 681 گرام ماددەی كریستال و بڕێكی تری لە ماددەی حشیش و جامایكا، هەروەها 229 كیلۆ و 500 گرام لە حەبی هۆشبەر جۆری (كاپتاگۆن) و نزیكەی هەزار دەنكە حەب لە جۆرەكانی (ترامادۆڵ و میتادۆن و تریفین)".
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەڵێت"ژمارەیەك لەو دەستگیركراوانە كەسانی گەورە بازرگانن و ئەندامی سێ سێ تۆڕی گەورە بازرگانی نێودەوڵەتین و بەهۆی دەستگیركردنیان تۆرەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، لە سەرجەم ئەم چالاكییەكانەشدا پێشتر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش وەرگیراوە و ڕێكارە یاساییەكان گیراوەتەبەر، تەواوی تۆمەتباران پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان لە كاتی خۆیدا بۆ كراوەتەوە و ڕادەستی یاسا كراون".
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكاندا باس لەوەكراوە كە "یەكێك لەو چالاكیانە دوای هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، دوای ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوانماندا ئەنجامدراوە كە تیایدا بڕی (160 كیلۆ گرام) حەبی هۆشبەر لە جۆری (كاپتاگۆن) دەستی بەسەرداگیراوە".