Oct 29, 2023 | كوردستان
وەزیرێكی كوردی حكومەتی عێراق دڵنیایی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدات 700 ملیارەكە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.
بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەكان لە حكومەتی عێراق، دڵنیایی دا كە حكومەتی ناوەندی بەمنزیكانە بڕی ئەو 700 ملیار دینارەی لە چوارچێوەی قەرزدایە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، ڕەوانەی هەرێم دەكات.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، بەنگین ڕێكانی ڕایگەیاند كە گفتوگۆی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی كردووە و بەڵێنی لێ وەرگرتوون ئەگەر شاندەكەی هەرێم سەردانی بەغداد بكەن، دەتوانن ڕۆژی سێشەممە ئەو كێشانە چارەسەر بكەن كە خۆی لە داهات و خەرجیدا دەبینێتەوە و جەختی كردەوە كە 700 ملیار دینارەكە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.
ڕێكانی ڕایشیگەیاند: كەشەكە لەلایەن حكومەتی ناوەندی و پەرلەمانی عێراقەوە ئەرێنییە و هاوكارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كە هونەریین و هیچ شتێك نەماوە چارەسەر نەكرێت
بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی پێدانی ئەو قەرزەی كە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و 700 ملیار دینارە و بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە سەردانی بەغداد بكەن.
لەهەمانكاتدا وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەر چووی هەرێم ڕایگەیاند: پاكتاوی پێداچوونەوەی سێ مانگی ڕابردووی حەوت و هەشت و نۆی ڕابردوو بە واژووی وەزیری دارایی ڕەوانەی بەغداد كراوە
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پاكتاوەكە سەرجەم داهات و خەرجیەكانی ئەو مانگانەی لەخۆ گرتووە و بە داتا و ژمارە ڕوون كراونەتەوە.