1913102023_3131SAA_770x420.jpg

حكومەت لەسەر بۆردومانكردنی كەمپی مەخمور دێتەدەنگ

Oct 14, 2023  |   كوردستان 

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەبارەی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر كەمپی مەخمور ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەگەر جموجۆڵی چەكداری لەناو ئەو كەمپەدا نەبێت، توركیا لەوپەڕی دنیاوە نایەت بۆ بۆردومانكردنی كەمپەكە.

پێشەوا هەورامانی، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكا، هۆكاری بۆردومانكردنی كەمپی مەخموری لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆ گومانی ئەو وڵاتە گەڕاندەوە لەبوونی جووڵەی چەكداری لەناو كەمپەكە، راشگەیاندووە، "كەمپی مەخمور كە بۆ ژن و منداڵ دروستكراوە، بیانووی داوەتە دەست لایەنی بۆردومانكەر، ئەگەر جموجۆڵی چەكداری لەناو كەمپەكە نەبێت، توركیا لەوپەڕی دنیاوە نایەت بۆ بۆردومانكردنی كەمپەكە".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەشكردووە، رای حكومەتی هەرێم روونە، دەبێت هەردوولا كێشەكان ببەنە دەرەوەی هەرێم. ئەركی عێراقیشە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەی، ڕێگری بكات لەهێنانی بەریەككەوتن بۆ ناو خاكی كوردستان.

كەمپی مەخمور، كە بە كەمپی (رۆستەم جودی)ش ناسراوە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردومانكراوە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە جارێكی تر هیرشی كردەوە سەر كەمپەكەو خانوویەكی كردە ئامانج، كە بە وتەی بەرپرسانی ناو كەمپەكە، لە هێرشەكەدا ژنێك بریندار بووە و زیان بەر ژمارەیەك خانووش كەوت.

لەبارەی دەنگۆی بوونی جموجۆڵی چەكداری لەناو كەمپەكە، بێوار ئەمین، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كەمپی مەخمور، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو رایگەیاند: حكومەتی عیراق و یوئێن-یش دەزانن كەمپەكە چەكداری تێدا نییە، بەڵام توركیا دەیەوێت خەڵك بترسێنێت و لە كەمپەكە دەرمان بكات.

ئەو بەپرسەی كەمپی مەخمور ئاماژەی بەوەكرد كە پێشتر لەگەڵ حكومەتی عیراقدا رێككەوتوون بنكەی پۆلیس و بورج و رادار لەدەوروبەری كەمپەكە دابنرێت، بەو مەرجەی لە هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا بپارێزرێت، وتی:" كەچی توركیا بەردەوامە لە هێرشكردن".

ئەمە دووەم جارە لە مانگێكدا كەمپی مەخمور لەلایەن توركیاوە بۆردومان بكرێت، رۆژی 7ی ئەم مانگەش جارێكی دیكە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا مزگەوتی ناو كەمپەكەی كردە ئامانج و بە هۆیەوە ژنێك و دوو منداڵ بریندار بوون.

كەمپی مەخمور لە ساڵی 1998 لە ڕۆژهەڵاتی قەزای مەخمور بۆ نیشتەجێكردنی كوردانی باكووری كوردستان دروستكراوە، بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی مەخمور، نزیكەی 10 هەزار كەس لەناو كەمپەكەدا نیشتەجێن. حكومەتی توركیاش بەردەوام دانیشتوانەكەی بە ئەندام و لایەنگری پەكەكە تۆمەتبار دەكات و دەڵێت كەمپەكە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی ئەو حزبە.