1510102023_cr_770x420.jpg

ڕۆناڵدۆ داوایەک لە یانەی نەسڕ دەکات

Oct 11, 2023  |   وەرزش 

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان هەڵوێستی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی ئەستێرەی یانەی نەسڕ ئاشکرا کرد سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی لە ماوەی داهاتوودا.

بەپێی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی، ڕۆناڵدۆ دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نوێ بکاتەوە، و بۆ ماوەیەکی درێژتر لەگەڵ “عالەمی” بەردەوام بێت.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ڕۆناڵدۆ ئیدارەی نەسڕی لە خواستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و مانەوەی لەگەڵ تیپەکەی ئاگادارکردووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ داوای لە ئیدارەی نەسڕ کردووە گرێبەستەکەی تا مانگی حوزەیرانی 2027 درێژبکاتەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە کاروانی وەرزشی لەگەڵ “زەرد پۆشەکان”.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکرد، ئیدارەی یانەی نەسر لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە داواکارییەکەی ڕۆناڵدۆ، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ئەم ماوەیە، چونکە ئەستێرە پورتوگالییەکە لە ساڵی ٢٠٢٧دا تەمەنی دەبێتە ٤٢ ساڵ.

ڕۆژنامەکە دووپاتیکردەوە کە ئیدارەی نەسڕ نایەوێت پەلە بکات لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڕۆناڵدۆ، بەتایبەتی بەو مووچە زۆرەی کە ئەستێرە پورتوگالییەکە لەگەڵ تیپی “عالەمی” وەریدەگرێت.