149102023_haj.jpg

ناونووسیین بۆ حەج دەستپێدەكات

Oct 9, 2023  |   كوردستان 

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی ناونوسین بۆ  وەزری نوێی فەریزەی حەج رادەگەیەنێت، رێنماییەكانی ناونووسینیش دەخاتەڕوو.

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فۆڕمی ناونووسین بۆ حەجی 2024 ماوەی 12 رۆژ بەردەست دەبێت جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە، دواتر فۆڕمە نوێیەكان لەگەڵ فۆڕمی ساڵانی رابردوو تیروپشكیان بۆ دەكرێت و سەدا 40ـی فۆڕمە نوێیەكان دەرفەتی حەجكردنیان پێدەدرێت.

بە وتەی شێخ نیاز نەقشبەندی، هەر هاووڵاتییەك پێشتر حەجی كردبێت، بۆی نییە ناوی خۆی تۆمار بكات، ئەگەر تۆماریشی بكات، لەكاتی ئەنجامدانی تیروپشك فۆڕمەكەی پوچەڵ دەكرێتەوە، تەنیا ئەو كەسانە نەبێت كە بۆ هاوەڵی كەسێكی دیكە حەج دەكەن و خۆیان بە (مەحرەم حاجی) ناونووس دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەر هاووڵاتییەك زیاتر لە یەك فۆڕم پڕبكاتەوە، دەرفەتی چوون بۆ حەج لەدەستدەدات و فۆڕمەكانی پوچەڵ دەكرێتەوە.

هەروەها شێخ نیاز نەقشبەندی وتی، راشیگەیاند، بەپێی رێنماییەكان ئەو كەسانەی فۆڕمی حەج پڕ دەكەنەوە نابێ تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بێت، دەبێ دانیشتووی هەرێمی كوردستان بن، ناونووسین بەپێی فۆڕمی خۆراك و كارتی زانیاری دەبێت، پڕكردنەوەی فۆڕمەكە  لە نووسینگەكانی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت، پێویستە لە ماوەی چوار رۆژدا فۆڕمەكە بگەڕێننەوە ئەو شوێنەی كە فۆڕمەكەی لێوەرگرتووە، لەو وادەیە دوابخرێت مافی ئەوەی نابێت ناوی بچێتە ناو تیر و پشك.