Feb 11, 2026 | كوردستان
لێرە نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان وڵاتانی دراوسێی و ئەمریکاش دەخەینەڕوو، کە تیایدا دەردەکەوێت نرخی کارەبا بە گشتی لە هەرێمی کوردستان لە هەمووانیان گرانترە، تەنانەت نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ماڵێک سەروو 1600 کیلۆوات لە مانگێکدا بەکاربهێنێت لە نرخی کارەبای ئەمریکاش گرانتر دەکەوێت.
ئەژمارکردنی ڕۆژانە
لە پڕۆژەی ڕووناکی هەرێمی کوردستان نرخی کارەبای ماڵان چوار ئاستی هەیە و تاوەکو بەرهێنانی کارەبا زیاتر بێت نرخەکەش بەرزدەبێتەوە، هەرچەندە پێشتر حیسابکردنی نرخەکە بە مانگانە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە ڕۆژانە و ئەگەر هاونیشتمانییەک لە ڕۆژێکدا زیاتر لە 13.3 کیلۆواتی بەکارهێنا، ئەوا ئەو زیادەیە دەچێتە خانەی دووەم و سێیەم و سەرووتر بەمەش نرخەکان بەراورد بە ڕابردوو بەرزبوونەتەوە.
جیاوازی نرخی کارەبای هەرێمی کوردستان و وڵاتان
نرخی کارەبا لە پرۆژەی رووناکی
0 – 400 کیلۆوات/ کاژمێر 72 دینار
400 – 800 کیلۆوات/ کاژمێر 108 دینار
800 – 1200 کیلۆوات/ کاژمێر 175 دینار
1200 – 1600 کیلۆوات/ کاژمێر 265 دینار
1600 کیلۆوات/کاتژمێر بەرەو سەرەوە 350 دینار
نرخی کارەبا لە عێراق
لە عێراق کارەبا بەراورد بە هەرێمی کوردستان هەرزانترە و بەسەر چوار ئاستدا دابەشکراوە
ئاستی یەکەم: (1- 1500 ) کیلۆوات/ کاتژمێر، 10 دینار بۆ هەر کلیۆواتێک
ئاستی دووەم: ( 1501- 3000) کیلۆوات/ کاتژمێر، 35 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک
ئاستی سێیەم: ( 3001- 4000)کیلۆوات/کاتژمێر 80 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک
ئاستی چوارەم: ( زیاتر لە 4000 کیلۆوات/ کاتژمێر، 120 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک
نرخی کارەبا لە ئێران
لە ئێران کارەبا لە هەموو جیهان هەرزانترە، بە جۆرێک هەر کیلۆواتێکی کارەبای ماڵان بە 0.004 دۆلارە، کە دەکاتە کەمتر لە شەش دیناری عێراقی.
نرخی کارەبا لە سووریا
هەروەها کارەبا لە سووریا بەهەمان شێوە زۆر هەرزانە و لەدوای ئێران لە پلەی دووەمی وڵاتاندایە لە هەرزانی و هەر کیلۆواتێک 0.005 دۆلارە کە دەکاتە کەمتر لە حەوت دیناری عێراقی. لە ئێستادا دۆخی کارەبا لە سووریا خراپە و بە گشتی کارەبای نیشتمانی لە 24 کاتژمێردا لە نێوان 4 تاوەکو 8 کاتژمێر هەیە.
نرخی کارەبا لە تورکیا
لە تورکیا نرخی کارەبا بە دوو ئاست دیاریکراوە
ئاستی بەکارهێنانی کەم: 62.17 بۆ 77.79 دینار
ئاستی بەکارهێنانی بەرز: 93.10 بۆ 117.73 دینار
نرخی کارەبا لە ئەمریکا
لە ئەمریکا بە تێکڕا نرخی بەکارهێنانی کارەبا بۆ هەر کیلۆواتێک 0.17 دۆلارە کە دەکاتە 222.79 دینار، کە بەگشتی بەراورد بە هەرێمی کوردستان هەرزانترە. بۆ نموونە، ئەگەر ماڵێک لە ئەمریکا لە مانگێکدا 2000 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت ئەوا دەکاتە 340 هەزار دینار، بەڵام هەمان بەکارهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکاتە 388 هەزار دینار.