Oct 11, 2023 | جیهان
ئەمریكا بڕیاریدا باڵیۆزخانەكەی لە بەیروت-ی پایەختی لوبنان چۆڵ بكات و داواش لە هاووڵاتییەكانی دەكات بەپەلە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
میدیاكانی جیهان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا باڵیۆزخانەی خۆی لە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان چۆڵ بكات، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری پەڕینەوەی پریشكی ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەو وڵاتە.
ئەمریكا لە پەیامێكیشدا داوای لەسەرجەم هاووڵاتییەكانی كرد كە بۆ هەر مەبەستێك ئێستا لە لوبنانن، بەپەلە خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا.
ئەم هەنگاوەی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ ئەو ئەگەرانەی باس لە بەشداریكردنی حزبوڵڵای لوبنان لەشەڕی دژ بە ئیسرائیل دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوروسی شیا، باڵیۆزی ئەمریكا لە لوبنان، لەنامەیەكدا كە بۆ نەبیه بری، سەرۆكی پەرلەمانی لوبنانی ناردووە، هۆشداری پێداوە كە وڵاتەكەیان دووچاری وەڵامێكی توند دەبێتە ئەگەر ناوچەكانی باشووری لوبنان بۆ لێدان لە ئیسرائیل لەلایەن حزبوڵڵا و لایەنەكانی فەڵەستینەوە بەكاربهێنرێت.