Jul 17, 2025 | كوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی و ناردنی مووچەی فەرمانەرانی هەرێم كوردستان بڵاودەكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-7-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا و رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدای پەسەندكردو چەند بڕیارێكیشی دەركرد.
یەكەم: دۆسیەی رادەستكردنی نەوت:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ دەستدەكات بە گەیاندنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بۆ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ مەبەستی هەناردەكردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی سلفەیەك بە حكومەتی هەرێم بەشێوەی كاش كە بڕەكەی 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی رادەستكراو بەپێی یاسای هەمواركراوی بودجە، بەو مەرجەی بڕی نەوتی رادەستكراو لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمتر نەبێت، هەر زیادبوونێكی بەرهەمهێنانیش لە ڕێگەی لیژنەی پێوانەوە بۆی زیاددەكرێت.
2- ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان دەكرێت، بەمەرجێك حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە خەرجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ئەم بڕە. داهاتی فرۆشتنی نەوتەكە دوای لێبڕینی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن، بۆ گەنجینەی فیدراڵی دەگەڕێتەوە . لە ئەگەری ئەوەی هەرێم پێویستی پێی بێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی پێویست بڕی بەرهەم بۆ هەرێم دابیندەكات، كە لە بەرهەمی پاڵاوتنی 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێكدا زیاتر نەبێت. لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێویستی ڕاستەقینەی هەرێم بە بەرهەمە نەوتییەكان بۆ مەبەستی تەرخانكردن هەڵدەسەنگێنن و لەماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرزدەكاتەوە بۆ بڕیاردان.
دووەم: داهاتی نانەوتی:
1- حكومەتی هەرێم پارەی سەرەتایی مەزەندەكراو بە بڕی (120) ملیار دینار بۆ پشكی گەنجینەی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەكان بۆ مانگی ئایار ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەكات. ئەم بڕە پارەیە دوای تەواوبوونی وردبینییەكە بەپێی بڕگەی (٢)ی خوارەوە یەكلایی دەكرێتەوە.
2- تیمێكی كاركردن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، بۆ پۆلێنكردن و وردبینیكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵی لێیان پێكدەهێنرێت، لە مانگی ئایاری 2025 دەستپێدەكات، بە رەچاوكردنی تێكڕای داهاتی نانەوتی بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە كە لە راپۆرتە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم هاتووە، تیمەكە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەكات.
3- لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم پێكدەهێنرێت بۆ تەواوكردنی تەوتینی مووچە لە هەرێم، بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. لیژنەكە لە ماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەركەكەی تەواو دەكات. لەدوای ئەو ماوەیە ناردنی پارە تەنها بۆ مووچەی تەوتینكراو دەبێت.
4 - تیمێك لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێكدەهێنرێت بەمەبەستی دیاریكردنی بڕی زیادەی پشكی هەرێم لە خەرجیی كرداری و چۆنیەتی چارەسەركردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەكانی (2023 – 2024 - 2025).
5- وەزارەی دارایی دەستادەكات بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمابەرانی هەرێم وەك دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەدوای پەسەندكردنی وەزارەتی دارایی / كۆمپانیای سۆمۆ بە وەرگرتنی سەرجەم بڕی نەوتی ئاماژەپێكراو لە بڕگەی یەكەم/1 (230 هەزار بەرمیلی رۆژانە) لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا