11642022_b04615090fbd2dbf75445b0917f5f780_XL_770x420.jpg

شاندێكی وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتە هەرێمی كوردستان

Jun 25, 2025  |   كوردستان 

شاندێكی وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتە هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم تاوتوێ كرد لەوانەی لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 شاندێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانیان كرد.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووەن لەكۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی لێبڕینی لە 3% مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كرا كە لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق و لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عیراق لە ڕێكەوتی 1-1-2014  تا 30-6-2024 لە ڕێكەوتی 1-6-2025 وە مانگانە بەقیست لێیان وەردەگیرێتەوە.

ئەوەش روونكراوەتەوە، لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا پرسی خانەنشینی هێزەكانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەژماركردنی خزمەت و مووچەكانیان لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، رۆژی 13ی ئایاری 2025 لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانەوە بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی و بەڕێوەبەری گشتی سندوقی خانەنەنشینی عیراق كرا بەمەبەستی كۆبونەوەو گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی تایبەت بەخانەنشینان لەهەرێمی كوردستان.