14822025_13122025_1414rr_770x420.jpg

رەزامەندی بۆ پێدانی زەوی بە 73 هەزار فەرمانبەر دەردەچێت

Feb 8, 2025  |   كوردستان 

رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پێدانی زەوی بە 73 هەزار كارمەندو فەرمانبەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ  پێشمەرگە دەرچوو. 

دیوانی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە 64 هەزار كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە شارەوانی، كە كارمەندانی پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە، هەروەها رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لیستی ناوی 9 هەزار پێشمەرگە گەڕاوەتەوە وەزارەت.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، ناوی كارمەندانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە وەزارەتی شارەوانی دەدرێتە شارەوانییەكان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردنی زەوی، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، لیستەكان بۆ شارەوانییەكان رەوانە دەكرێن، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت.

لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیكەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە 27-3-2024، بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەند نەبوونە، لە كۆتایی مانگی ئایاری هەمان ساڵ، وەزارەتی شارەوانی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاوكردەوە.
بەپێی بڕیارەكە، هەر فەرمانبەرێك كە ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.